داواکارێـکی گشـتی لە ئەڵمانیا دەڵێت تاوانی هەوڵی تەقاندنەوەی بۆمبی ئاڕاستەی توندڕەوێـکی ئیسلامی تەمەن 35 سـاڵ کردووە کە بەپـێی یاسای وڵاتەکە سزاکەی دەگاتە 10 سـاڵ زیندانی.
داواکاری گشتی فرانکفۆرت ڕۆژی چوارشەممە گوتی ئەو کەسە کە هەردوو ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و تورکی هەیە تاوانی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی ئاڕاستەکراوە و هەروەها بەڵگەنامەی ساختە کردووە و بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی بەدەسـتهێنانی تەقەمەنی داوە.
کەسەکە کە هێشـتا ناوی ئاشکرا نەکراوە لە مانگی چوار لە نزیک فرانکفۆرت لەگەڵ هاوسەرەکەی دەسـتگیرکرا، بەڵام دواتر هاوسەرەکەی ئازادکرا.
بەپـێی لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیس کەسەکە بەنیازبووە تەقینەوەیەک لە پـێشبڕکێــیەکی پاسکیل لە یەکی مانگی پـێنجدا ئەنجام بدات. دەشڵێن لە ماڵەکەی دەسـتیانگرتووە بەسەر چەند چەکێـک و بۆمبێـکی لولەیی و چەند کەرەستەیەکی کیمیاوی کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهێنرێن.