Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لەوەی ئیسلامیـیە توندڕەوەکان بە ناوی یارمەتیـیەوە خۆیان لە پەنابەران نزیک بکەنەوە


سەرۆکی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری داوە کە ڕەنگە توندڕەوە ئیسلامیـیەکان هەوڵ بدەن گەنجە پەنابەرەکانی دەگەنە ئەڵمانیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

هانز جۆرج ماسین ڕۆژی سێشەممە ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی نیگەرانن لەوەی ئیسلامیـیە توندڕەوەکان لە ئەڵمانیا بە ناوی پـێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی خۆیان لەو گەنجانەوە نزیک بکەنەوە.

گوتیشی زیاتر سەنگی دەخەنە سەر ئەو گەنجانەی کە بە تەنیا هاتوون، چونکە شیانی هەیە بـبنە نێچیرێـکی ئاسان بۆ ئیسلامیـیەکان.

پاشان چەند ئامارێکی ئاشکراکرد و گوتی لە مانگی شەشەوە هەتا ئێستا ژمارەی سەلەفیـیەکان لە وڵاتەکەی لە 7500 کەسەوە زیادیکردووە بۆ 7900 کەس، وە نزیکەی 740 کەسی ئیسلامی کە یەک لەسەر پـێنجیان ژنن لە ئەڵمانیاوە ڕۆیشتوون و پەیوەندیـیان بە توندڕەوەکان کردووە لە سوریا و عێراق. گوتیشی یەک لەسەر سێـیان گەڕاونەتەوە و 120 کەسیشیان کوژراون.

هانز جۆرج ماسین ئەم نیگەرانیـیانەی خۆی ئاشکراکرد پاش چەند کاژمێرێـک لەوەی پـۆلیسی ئەڵمانیا هەشت شوێنی پشـکنی کە کەسانی توندڕەوی ئیسلامی لە بەرلینی پایتەخت لێی کۆدەبنەوە.

هاوکات مشتومڕ لە وڵاتەکە دروستبووە لە بارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سەدان هەزار پەنابەرەی کەوا ڕوو لە ئەڵمانیا دەکەن.

XS
SM
MD
LG