Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی ئەڵمانیا: ژنی زیاتری ئەڵمانی پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن

  • VOA News

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا (BFV) نیگەرانی خۆی نیشـان دەدات لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی ئەو کچ و ژنانەی بەرەو سوریا و عێراق دەچن تاوەکو پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.

هانز جۆرج ماسن ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت ژمارەی ئەو ژنانەی تەمەنیان خواروی 25 سـاڵە و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە زۆر زیادیکردووە.

گوتیشی نزیکەی 100 لە 700 ئەڵمانی کە لە ناوچەکانی شەڕن ژنن و نێوەیان تەمەنیان خواروی 25 سـاڵە.

هەروەها بەدی دەکرێت ژنی زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایـیەوە پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن، بەراورد بەوانەی پەیوەندیـیان بە ڕێکخراوە ئیسلامیـیە توندڕەوەکانی دیکە کردبوو، بە تایبەتی لە هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە ژمارەیەکی زۆر موسڵمانیان هەیە.

بەڕێز ماسن گوتیشی بۆیان دەرکەوتووە ئەو زیادبوونە لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە بووە و هەروەها پەیوەندی ڕاستەوخۆش. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئێسـتا ئەوانەی لە ئەڵمانیا هاوسۆزیان بۆ داعش هەیە گەیشـتووەتە 7500 کەس. گوتی " مەترسیـیەکە ڕوو لە ئاڵۆزبوونە."

باسی لەوەش کرد نزیکەی 100 کەس کوژراون لەوانەی ئەڵمانیایان جێهێشـتووە و پەیوەندیـیان بەو توندڕەوانەوە کردووە و هەروەها ئاماژەش هەن نیشـانی دەدەن لە سـەرەتای ئەمساڵەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کوژراوان زیادیکردووە.

گوتیشی نزیکەی یەک لەسەر سێی لەوانەی لە ئەڵمانیاوە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو گەڕاونەتەوە و زیاتر لە 50 کەسیشیان بەشداری شەڕیان کردبوو.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی نۆی سـاڵی ڕابردوو خانم ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتی نزیکەی 400 کەس لە ئەڵمانیاوە و سەدان کەسی دیکە لە وڵاتانی جیاجیای ئەوروپاوە ڕۆیشتوون و پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە.

XS
SM
MD
LG