Accessibility links

کاربەدەستێـکی ئەڵمانیا دەڵێت خۆکوژەکەی ئانسباخ پـێشتر بەیعەتی داعشی کردبوو


یواخیم هێرمان وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا

یواخیم هێرمان وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا

وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا لە باشوری ئەڵمانیا دەڵێت ئەو کەسەی ئێوارەی یەکشەممە خۆی لە ناوچەی ئانسباخ تەقاندەوە و بووە مایەی برینداربوونی 12 کەس، پـێشتر بەیعەتی داعشی کردبوو.

یواخیم هێرمان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ڤیدیۆ لە تەلەفونی دەسـتی خۆکوژەکە بینراوەتەوە کە بە زمانی عەرەبی بەیعەتی خۆی بۆ ئەبو بەکر بەغدای ڕێبەری داعش ڕاگەیاندووە و هەڕەشەی لە ئەڵمانیـیەکان کردبوو. گوتیشی لە پاش ئەم ڤیدیۆیە هیچ گومانی تێدا نیـیە هێرشەکە تێرۆرستی بووە.

باسی لەوەش کرد هێزەکانی پـۆلیس دوو تەلەفۆنی دەستی و کۆمپـیوتەرێـکیان لە ماڵەگەی دۆزیوەتەوە و بابەتی سەلەفیـیان تیادابووە و هەمووی بە زمانی عەرەبی بوون. هەورەها بڕێـکی زۆر کەرەستەش دۆزراونەتەوە کە دەکرا بۆ دروسـتکردنی بۆمبی دیکە بەکاربهێنرێن.

کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا دەڵێن خۆکوژەکە بەنیازبووە بگاتە ناوچەیەک کە لەوێ ئاهەنگێـکی موزیک لە شوێنێـکی کراوە سازدەکرا و نزیکەی 2500 کەس ئامادەی دەبوو، بەڵام چۆنکە بلیتی پێ نەبووە ڕێگەی پێ نەدرابوو بەرەو شوێنەکە بڕوات، بۆیە گەڕاوەتەوە و لە ناوچەیەکی ئەو نزیکانە خۆی تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا خۆی کوژراوە و 12 کەسی دیکە برینداربوون کە سیانیان برینەکانیان قورسە.

دەشڵێن خۆکوژەکە پەنابەرێـکی سوری تەمەن 27 ساڵ بووە و ماوەی دوو ساڵ بوو لە ئەڵمانیا دەژیا و ساڵێـک لەمەوبەر داوای مافی پەنابەری کردبوو، بەڵام داواکەی ڕەتکرابووەوە و مۆڵەتێـکی کاتی مانەوەی پێ درابوو. ئۆفیسی کاروباری کۆچبەر و پەنابەران دەڵێت دوو هەفتە لەمەوبەر ئاگادارکرابووەوە ماوەی 30 ڕۆژی لە بەردەمدایە وڵاتەکە جێبهێڵێت. پـێشتریش دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت خۆکوژەکە چەکدارێـکی خۆی بووە.

XS
SM
MD
LG