ڕێبه‌رانی گه‌وره وڵاتانی پیشه‌سازی جیهان له که‌نه‌دا کۆبونه‌ته‌وه وه‌ک هه‌وڵێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ک بۆ به‌رده‌وامی دان به بوژاندنه‌وه‌ی ناجێگیری ئابوری که ئاماژه‌کانی دابه‌زین تیایدا ده‌رکه‌وتوه. ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئه‌ندامانی وڵاتانی کۆمه‌ڵه‌ی8 کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیان کردووه به‌رله‌وه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌یان فراوانتر بکه‌ن له‌گه‌ڵ گه‌وره وڵاتانی به‌ره‌و ڕسکان چوودا.
کۆبونه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی8 له موسکۆکای که‌نه‌دا کراوه و دواتریش هه‌ر له‌مڕۆ شه‌ممه‌دا کۆبونه‌وه‌ی وڵاتانی گروپی20 له تۆرۆنتۆ ده‌کرێت.
کاربه‌ده‌ستانی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێن ڕێبه‌رانی وڵاته سه‌ره‌کیه‌کانی پیشه‌سازی له جیهاندا هه‌روادێ و نزیک ده‌بنه‌وه له هاوڕاییه‌ک سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی ئابوری جیهان جارێکی تر ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانی نشێوی ببێته‌وه.
براک ئۆباما سه‌رۆکی ئه‌مریکا و ئانگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا و نیکۆلاس سارکۆزی سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا له کۆبونه‌وه‌که‌ی موسکۆکای که‌نه‌دا به‌شدار بوون که ستیفن هارپه‌ر سه‌ره‌ک وه‌زیری که‌نه‌دا میوانداری کردبوو.
سه‌رۆک ئۆباما داوای له وڵاتان کردووه هانی گه‌شه‌کردنی ئابوری بده‌ن، له ده‌مێکدا ڕێبه‌رانی ئه‌وروپا سه‌نگییان خستۆته سه‌ر به‌رپرسێتی دارایی.
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکایی ده‌ڵێن وێڕای ئه‌و جیاوازیانه‌ی که هه‌ن به‌ڵام ووتوێژه‌کان بونه‌ته هۆکار بۆ لێک‌نزیکبوونه‌وه‌ی ڕوانینه‌کان.
ئه‌مڕۆش شه‌ممه وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ووت‌وێژی زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوری جیهان، کاتێ وڵاتانی ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی هه‌شت و وڵاتانی تری به‌ره‌و ڕسکان چوو له تۆرۆنتۆی که‌نه‌دا کۆده‌بنه‌وه.
هاوکات کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن واچاوه‌ڕوانیش ده‌کرێت نیگه‌رانیه‌کان به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له ئاسایشیه‌کان، له‌وانه ئێران و کۆریای باکور باڵ بکێشێت به‌سه‌ر گه‌ڕی دووه‌می ووتوێژه‌کانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ی ڕێبه‌راندا.