Accessibility links

وەزیری بەرگری فەڕەنسا: چەند ڕۆژێـکی دیکە شەڕی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە دەسـتپـێدەکات

  • VOA News

وەزیزی بەرگری فەڕەنسا دەڵێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققەی ژێر دەستی داعش لە باکور سوریا دەستپێدەکات.

ژان ئیف لودغیان ئەمڕۆ هەینی لە چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNEWS ی فەڕەنسی گوتی " ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین ڕەققە گەمارۆدراوە و شەڕەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەسـتپێدەکات."

گوتیشی شەڕێکی زۆر قورس دەبێت بەڵام ئێجگار گرنگە بۆ شکستهێنان بە داعش.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئێستادا نزیکترین شوێن لە شاری ڕەققەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لێی جێگیربوون لە دوری 8 کیلۆمەترە، بەڵام بە گشتی هێزەکانیان 18 بۆ 29 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دورن.

جێی ئاماژەیە سیپان حەممۆ فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت سەرەتای مانگی چوار ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە دەسـتپـێدەکات و پـێیان‌وایە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە کۆتایی بگات و شارەکە ئازادبکرێت.

گوتیشی هێزەکانی یەپەگە لەگەڵ شەڕڤانانی عەرەبی ناوچەکە لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕەکە ئەنجام دەدەن و لەسەدا 25 ی هێزەکانیان لەوانە دەبن کە شارەزا و ئەزمونێـکی زۆریان لە شەڕدا هەیە.

XS
SM
MD
LG