Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی فەڕەنسا لەسەر تورکیا ڕەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن


ژمارەیەک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی فەڕەنسا ڕەخنەیان لە حکومەتی وڵاتەکیان گرت پاش ئەوەی ڕێگە بە وەزیری دەرەوەی تورکیا درا هەڵمەتێکی پشتیوانیکردن لە هەموارکردنی دەستوری تورکیا لە شارێکی فەڕەنسا ئەنجام بدات.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا ڕێگەیان پێنەدا سەردانی وڵاتەکەیان بکات، ڕۆژی یەکشەممە بەرەو فەڕەنسا بەڕێکەوت و لەوێ لە شاری مێتز لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی بۆ سازکرا و تیایدا نزیکەی یەک هەزار کەس لە ڕەوەندی تورکی ئامادەی بوون. مەبەست لە کۆبووەکە هاندانی تورکەکانە بە ئەرێ دەنگ بدەن لە ڕیفراندۆمەکەی مانگی چواردا، ئەوەی سازدەکرت بۆ هەموارکردنی دەستوری تورکیا بە مەبەستی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی.

چاوش‌ئۆغڵو لە میانەی کۆبوونەوەکە وتارێکی پـێشکەشکرد و ڕاستەوخۆ لە لایەن کەناڵەکانی تورکیاوە بڵاوکرایەوە. لە وتارەکەی هۆڵەندای بە "پایتەختی فاشیزم" ناودێرکرد.

مارین لوپـێن کاندیدی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەڕەنسا بۆ سەرۆکایەتی ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربڕی و لەسەر تویتەرکەی نووسیویەتی" بۆچی دەبێت لەسەر خاکی خۆمان ڕێگە بدەین قسانێک بگوترێن کە دیموکراسیـیەکانی دیکە ڕەتی دەکەنەوە؟ نامانەوێت هەڵمەت بۆ دەنگدانی تورکیا لە فەڕەنسا ئەنجام بدرێت."

هەروەها فڕانسوا فیۆن کاندی ڕاستڕەو بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕەخنەی لە فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا گرت و گوتی بەم هەڵوێستە فەڕەنسا خۆی لە هاوپەیمانە ئەوروپایـیەکانی دور ڕاگرت. گوتیشی ئەڵمانیا و هۆڵەندا کە هاوپەیمانی هەرە نزیکی فەڕەنسان لە لایەن ڕێبەرانی تورکیاوە سووکایەتیەکی گەورەیان پـێکراوە.

پاشان گوتی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەهاکانی ئەوروپا دوردەکەوێتەوە، جەختی لەوە کرد تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا جێگەی نابێتەوە.

ئیمانۆئێل ماکرۆن کاندیدی ناوەڕاست بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئەویش گوتی" لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا جێی قبوڵ نیـن و نابێت فەڕەنسا ڕێگە بدات لەسەر خاکەکەی هێرش بکرێتە سەر دیموکراسی و هاوپەیمانانمان."

XS
SM
MD
LG