Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت ڕژێمی سوریا لە پشت هێرشە کیمیایـیەکەی سەر خان شەیخون بووە


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ گومانی لەسەر نیـیە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە پشت هێرشە کیمیایـیەکەی سەر شاری خان شەیخونی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بووە، ئەوەی بووە هۆی گیان لەدەسـتدانی 87 کەس.

ژان مارک ئایرۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی بەرگری گوتی لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕاپـۆرتی دەزگای هەواڵگریـیان خراوەتە بەردەست کە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە گازی سارین بەکارهاتبوو و ڕژێمی سوریا لێی بەرپـرسیارە بەپـێی چۆنیەتی دروستکردنی ئەو سارینەی بەکارهاتووە.

گوتیشی ڕاپـۆرتەکە کە ئامادەکراوە لەسەر بنچینەی ئەو نمونانەی دەزگا فەڕەنسیـیەکان وەریانگرتبوو، دەیسەلمێنێت ئەو سارینە ڕێک بەو شێوازەیە دروستکراوە کە لە تاقیگەکانی ڕژێمی سوریا دروستدەکرێت.

هەروەها گوتی سارینەکەی لە خان شەیخون بەکارهاتبوو هەمان ئەو جۆرەیە کە لە مانگی چواری ساڵی 2013 لە شاری سەراقبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەکارهاتبوو.

سەرچاوەیەکی دیپـلۆماتی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە یەک لەو بۆمبانەی گیرابوونە سەراقب نەتەقیبوونەوە و فەڕەنسا بردوویەتی و لێکۆینەوەی لەسەر پـێکهاتەکەی ئەنجامدابوو.

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە 19 ی مانگی چوار گەیشتە ئەو ئەنجامەی گازی سارین لە هێرشەکەی خان شەیخون بەکارهاتبوو. هەروەها بەریتانیا و تورکیا و ئەمەریکا ئەوانیش گەیشتنە ئەو ئەنجامە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە هێرشەکە لە 4 ی مانگی چوار کرایە سەر شاری خان شەیخونی ژێر دەستی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن و لە ئاکامدا 87 کەس کوژران کە 31 کەسیان منداڵ بوون.

XS
SM
MD
LG