پـۆلیسی فەڕەنسا کەسێـکیان کوشتووە کە بە چۆقوە هەوڵی دابوو هێرش بکاتە سەر بنکەیەکی پـۆلیس لە پاریسی پایتەخت.
کاربەدەسـتانی ئاسایشی فەڕەنسایی دەڵێن ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەو کەسە بە هاواری " الله اکبر" هەوڵی دابوو خۆی بە نێو بنکەیەکی پـۆلیسدا بکات لە ناوچەی (گۆتێ ئاغ) لە بازنەی هەژدەی پاریس، بەڵام پـۆلیسەکان لێی هاتوونەتە دەست و تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە. پاش ڕووداوەکە هێزەکانی پـۆلیس ڕێگەکانی نزیک بنکەکەیان داخست و داوایان لە خەڵکی کرد وریای خۆیان بن و دەرگا و پەنجەرەی شوێنەکانیان دابخن.
بەپـێی قسەی خەڵکی کە لە ناوچەکە بوون، دەڵێن گویان لە دەنگی دوو یان سێ تەقە بووە.
هەروەها پـۆلیس دەڵێت کەسەکە شتێـکی بەسەر سنگیـیەوە بەستبوو کە وایەری لێ هاتبووە دەرێ تاوەکو وەهای نیشـان بدات بۆمبە.
هێشـتا لایەنە بەرپـرسەکان ناسنامەی هێرشبەرەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
فڕانسوا مۆلان داواکاری گشـتی پاریس گوتی کەسەکە تەلەفۆنێکی مۆبایلی پێ بووە لەگەڵ پارچە کاغەزێک کە ئاڵای داعشی لەسەر بووە و بە عەرەبی لەسەری نووسراوە. گوتیشی وەکو ڕووداوێـکی تێرۆرسـتی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە دەکەن.