Accessibility links

زانیاری لە بارەی هێرشبەرەکەی نیسی فەڕەنسا و چۆنیەتی ئەنجامدانی کارە تێرۆرستیـیەکەی


ئەو هێرشبەرەی شەوی پـێنجشەممە بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگری جۆری فریزەر لە جادەیەکی شاری نیسی باشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا خەڵکی کرد بە ژێرەوە و بووە مایەی گیان لەدەسـتدانی زیاتر لە 84 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، ئاشکرابوو کەسێـکی تونسیـیە کە ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی وەرگرتووە.

بەپـێی کاربەدەسـتانی ئاسایش و میدیاکانی فەڕەنسا کە بە دواداچوون بۆ تێرۆرستەکە دەکەن، دەڵێن تێرۆرستەکە ناوی (محەمەد لحویج بوهلال)ـە و تەمەنی 31 ساڵ بووە و خاوەنی سێ منداڵ بووە و بە فەرمانێـکی دادگا ماوەی چوار ساڵ بووە ڕێگەی پـێ نەدرابوو نزیک خێزانەکەی بکەوێت لەسەر خراپی مامەڵەکردنی لەگەڵیاندا و پـێش 2 سـاڵ لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە.

ناوبراو بە ڕەچەڵەک خەڵکی شارۆچکەی مەساکنی نزیک شاری سوسەی تونسە و لە ناوچەیەکی باکوری شاری نیس ژیاوە بەر لەوەی لە خێزانەکەی جیابێتەوە و لە ئەپارتمانێـکی قەراغ شار بژی و کاری شۆفێری بارهەڵگری بکات.

کاربەدەسـتان دەڵێن هیچ گومانێـکی لەسەر نەبووە کە کەسێـکی توندڕەوی ئیسلامی بێت، بەڵام پـێشینەیەکی پـڕ لە سەرپـێچی و شەڕانگێزی هەبووە و دوایـین جار لە مانگی یەک لە مەیخانەیەک شەڕی کردووە و دەسـتگیرکرابوو.

هەروەها جارێـکیش بە ئۆتۆمبیلەکەی لەسەر جادەیەک خەوی لێکەوتووە و خۆی بە 4 ئۆتۆمبیلدا کێشاوە.

لە فەیسبوکەکەی هیچ شتێـک بەدی ناکرێت کە کەسێـکی توندڕەو یان شەڕانگێزبووبێت و تەنیا چەند سورەتێـکی قورئانی بە شێوەی وێنە دانابوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە 33 هاوڕێی سەر فەیسبوکەکەی زۆربەیان کچی فەڕەنسایی بوون.

چۆنەیتی هێرشەکە

بەپـێی ڕاپـۆرتی میدیاکانی فەڕەنسا محەمەد بوهلال پـێش دوو ڕۆژ لە هێرشەکە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکەی بە گرێ گرتبوو و بەر لە داخستنی جادەکان بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانی فەڕەنسا (ڕۆژی باستیل) لە کاژمێر 3 ی پاش نیوەڕۆ ئۆتۆمبیلەکەی لە جادەیەکی نزیک قەرەباڵغی خەڵکەکە ڕاگرتبوو و لە کاژمێر 10:30 ی شەو کەوتووەتە جوڵە و پـۆلیس لە سەرەتادا ڕێگەیان پـێنەدابوو بڕوات بەڵام قایلی کردبوون بەوەی گوایە ئایس کریمی پـێـیە و بۆ شوێنی ئاهەنگەکانی دەبات. دواتر بە درێژایی نزیکەی 2 کیلۆمەتر خەڵکی کردووە بە ژێرەوە، هەتا پـۆلیس تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە. دەشڵێن لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کردووە بە ژێرەوە بە دەمانچەش تەقەی لە خەڵک کردووە و کوشتوونی و هاواری کردووە (الله اکبر).

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

بەپـێی دوایـین هەواڵ لە ئێسـتادا 50 لە بریندارەکان لە نێوان مان و نەماندان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە.

کلیکی وێنەکە بکە هەتا دەیان وێنەی دیکەی پەیوەست بە هێرشەکەوە ببینیت.

XS
SM
MD
LG