Accessibility links

مارین لوپێن: هێرشەکەی لەندەن نیشانی دەدات هەڕەشەی تێرۆر شتێکی ڕۆژانەیە


مارین لوپـێن کاندیدی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەڕەنسا بۆ سەرۆکایەتی دەڵێت هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا نیشانی دەدات هەڕەشەی تێرۆرستی شتێکی ڕۆژانەیە و هەتا دێت بە شێوازی تێرۆری تاکە کەسی دەردەکەوێت.

مارین لوپـێن کە بە سەردانێـک لە وڵاتی چادە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نجامێنای پایتەخت وتی " سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خەڵیکی بەریتانیا دەکەم. ئەوەی ڕوویدا نیشانی دەدات هەڕەشەکانمان تێنەپەڕاندووە بەڵکو لەگەڵماندان و ڕۆژانەن و هەتا دێت زیاتر شێوازی تێرۆری تاکە کەسی وەردەگرێت."

پاشان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی و وتی کەلێنێکی ئاسایشی لە وڵاتەدا هەیە بەهۆی دەست لەکارکێشانەوەی برونو لورو وەزیری ناوخۆ. وتی ئێمە لە گەرمەی شەڕی دژی تێرۆرداین و ئەم ناجێگیریەی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیە دەبێتە مایەی گرفت بۆ باری ئاسایشی.

شایەنی باسە کەیسێکی یاسایی لە دژی برونو لورو دەستیپێکرد سەبارەت بە گەندەڵی کە کاتی خۆی ئەندامی پەرلەمان بووە، هەردوو کچەکەی تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بوون و بە فەرمانبەر لای خۆی دایمەزراندبوون.

ڕۆژی سێشەممە برونو لورو دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە وەزارەتەکە ڕاگەیاند، فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا ماتیاس فیکل وەزیری بازرگانی لە پۆستی وەزیر ناخۆ دانا لە کاتێکدا وڵاتەکە هێشتا لە ژێر حاڵەتی باری نائاساییدایە و مەترسی هەڕەشەی تێرۆرستی لەسەرە.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG