Accessibility links

هەڵگورد سەمەد: سەرچاوەی داهاتی مزگەوتەکانی فەرەنسا لەلایەن سعودییەو چەندین رێکخراوی ئیسلامییەوەیە


تیرۆر پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لە کردەوەی رێکخراوو هەڵکوتانەوە بۆ کردەوەگەلی تاکەکەسی نادیاریکراو و تەمومژاویی، بەڵام ئەم کردەوە تیرۆریستییانەی ئەم دواییانەی ئەوروپا کۆمەڵێک پرسیاری گەورەی وروژاند هاوکات سەرلەبەری دەزگا ئاسایشی و پۆلیسی و هەواڵگیرییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی دنیاشی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەی رژد و خوێندنەوەی جیاوازەوە.

ئایا چ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی هەیە لەنێوان سەلەفییەکان و توندڕەوە ئیسلامییەکاندا لە خۆرئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا گەشەکردنی سەلەفیەت چ پەیوەندییەکی قوڵی هەیە بە داعش و دیاردەی تیرۆر لەجیهاندا؟ ئایا کۆمەڵگەی سەلەفی و توندڕەوە ئیسلامییەکان لەئەورپا و جیهاندا نەبونەتە مەترسی بۆ خودی ئەوروپا؟

لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەنوس و راڤەکار هەڵگورد سەمەد لە پاریس سازکردووە.

هەڵگورد سەمەد دەڵێت "دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر کردەی رەگەزپەرستی بەرامبەر موسڵمانەکان لەزۆرێک لەوڵاتاندا بەتایبەتی فەرەنسا زۆر زیادیکرد".

هەروەها هەر لەو بارەیەوە دەشڵێت "کاتێک تیرۆریستان یان رێکخراوە ئیسلامییە رادیکالەکان کە هێرش ئەنجامدەدەن زۆرجار پەرچەکرداری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش پرسیار دروستدەکات لەسەر پێکەوە ژیانی ئاینی".

هەڵگورد سەبارەت بە ترسناکی دەنگدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان دەڵێت "ئەو هێرشە دڕندەیەی ناو کڵێساکە دەنگدانەوەکەی هیچی کەمتر نەبوو لەو هێرشەی شاری نیس، دەنگدانەوەیەکی هێجگار جیهانی و گەورەی لێکەوتەوە".

سەبارەت بە موسڵمانەکانی فەرەنساش دەڵێت "لەناو کۆمەڵگەی فەرەنسیدا لانیکەم 6 ملیۆن موسڵمان هەیە، جڤاتێکی ئاوا بێگومان کۆمەڵێک رادیکاڵیشی تێدەکەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە کۆمەڵگەیەکی توندوتیژەوە هاتوون؛ بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە موسڵمانەکانەوە هاتوون، پەروەردەی خێزانی تیایاندا چەند توندوتیژەو چەند منداڵ هاندەدات لەمناڵییەوە بۆ هەرزەکاری و تا گەورەبوون لەژێر رکێفی پەروەردەیەکی توندوتیژدان".

"لەسەرەتای 2015 ەوە کە هێرشەکانی سەر رۆژنامەی شارلی ئەبیدۆ دەستپێدەکات هەتاوەکو ئێستا 10 مزگەوت لە مزگەوتی سەلەفییەکان داخراون و وە چەندین مزگەوتی تر خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، چەندین ئیمام و خەتیب لەکارەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە دوورخراونەتەوە".

هەروەها لەبارەی نیگەراننییەکانی دەوڵەتی فەرەنساوە هەڵگورد دەڵێت "ئەوەی حکومەتی فەرەنسای زۆر نیگەران کردووە کە سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا بە روونی باسی لێوەکرد ئەوەیە کە سەرچاوەی داهاتی زوربەی ئەو مزگەوتانە لەلایەن چەندین رێکخراوی ئیسلامییەوە لە وڵاتانی کەنداو لە سعودییەو وڵاتانی دیکەوە هاوکاری دارایی دەکرێن".

هەروەها دەڵێت "لە فەرەنسا ئەنجومەنی موسڵمانانی فەرەنسا هەیە، کە تائێستا داهاتی ئەو ئەنجومەنە روون نیە، ئایا لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت".

سەبارەت بە گرفتی موسڵمانان دەڵێت "پێوستە موسڵمانان دان بەوەدا بنێن کە ئاینەکەیان یەک کۆمەڵ شتی توندوتیژی تیادایە، یەک دنیا ئامڕازی توندوتیژی تیادایە کە خەڵک هاندەدات بۆ توندوتیژی".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن

XS
SM
MD
LG