Accessibility links

بڕیارە وەزیرانی بەرگری حەوت وڵاتی سەرەکی شەڕی دژی داعش لە پاریس کۆببنەوە


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا سبەی چوارشەممە لە فەڕەنسا کۆدبێتەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی چۆنێتی چڕکردنەوەی هەڵمەتە لەشکریـیەکەیان لە دژی داعش.

وەزیرانی بەرگری حەوت وڵاتی هاوپەیمانێتیـیەکە لە پاریسی پایتەخت کۆدەبنەوە، ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکیـیان هەیە لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش لە عێراق و سوریا. ئەوانیش ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، بەڵام کەنەدا کە ئەویش پـێشتر بەشداری لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش دەکرد، بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەرکراوە.

جەستن ترودو سەرۆک وەزیری کەنەدا هەر لەگەڵ هاتنی بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی دەی سـاڵی ڕابردوو، بڕیاری دا وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتیـیەکە بکشێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی هێزە عێراقی و کوردیـیەکان لەم شەڕەدا.

هێرشە ئاسمانیـیەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێـکی گرنگیان هەبووە لە ڕاگرتنی داعش و وەدەرنانی لە چەندان شار و شارۆچکە لە عێراق و سوریا، بۆیە داوادەکرێت زیاتر بکرێن. لە ئێسـتادا ڕۆژانە نزیکەی سەد فڕۆکەی هاوپەیمانان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکاندا دەکەن، لەوانە سێ بەشیان لە عێراق و بەشێـکیان لە سوریا.

جێی ئاماژەیە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی کەنداو لە ساڵی 1991 ڕۆژانە نزیکەی 2 هەزار فڕۆکەی هاوپەیمانان بەشداریـیان دەکرد. لە شەڕی لیبیاش لە ساڵی 2011 نزیکەی 250 فڕۆکە لە ڕۆژێـکدا بەسەر ئاسمانی لیبیاوە بوون.

XS
SM
MD
LG