Accessibility links

فەڕەنسا و ئەڵمانیا و لەندەن پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکەی نیس ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی زیاتر دەگرنەبەر

  • VOA News

پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکەی دوێنێ پـێـنجشەممەی شاری نیس لە باشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا، سەرۆکی فەڕەنسی ڕایگەیاند کە بەنیازی درێژکردنەوەی باری نائاسایی‌یە لە سەرانسەری وڵاتەکەی، ئەمەش لە کاتێـکدا بڕیاربوو لە 26 ی ئەم مانگە کۆتایی‌پـێبێت.

درەنگانێـکی شەوی پـێنجشەممە فڕانسوا ئۆلاند لە وتارێـکی تەلەفیزیۆنیدا سەبارەت بە هێرشەکە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی داوای درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە پـرۆژە بڕیارێـکدا ڕەوانەی پەرلەمان دەکات و هەروەها داوای بانگهێشتکردنی سەربازانی ئیحتیاتیش دەکات تاوەکو یارمەتی هێزەکانی ئاسایش بدەن لە پاراستنی سەر و ماڵی فەڕەنسایـیەکان.

پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیاش لای خۆیەوە ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی گرتووەتەبەر لە سنوور و فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسنی و جادەکانی وڵاتەکەی ئەوانەی بەرەو فەڕەنسا دەچن.

فەرماندەیەتی پـۆلیسی ئەڵمانی ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی بە هەماهەنگی لەگەڵ کاربەدەسـتانی ئاسایشی فەڕەنسا، پـۆلیسی فیدراڵی هەڵدەستێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەسەر ڕێگەکانی هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات.

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش، سادق خان سەرۆکی شارەوانی ڕایگەیاند پاش هێرشەکەی نیس پـیاداچوونەوە دەکەنەوە بە ڕێوشوێنەکانی ئاسایشی لەندەن و گوتی " دەمەوێت هەموو دانیشتوانی لەندەن دڵنیا بکەمەوە، ئەمڕۆ بە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی شارەکە دەچینەوە و خودی خۆم و سەرۆکی پـۆلیس هەرچیـیەکمان پـێبکرێت دەیکەین بۆ زامنکردنی سەلامەتی دانیشتوانی لەندەن."

XS
SM
MD
LG