Accessibility links

فنلەند ڕێساکانی پـێدانی مافی پەنابەری بە عێراقیـیەکان توندتر دەکات

  • VOA News

فنلەند پـێشبینی دەکات ژمارەیەکی کەمتر پەنابەری عێراقی وەربگرێت، پاش ئەوەی پـیاداچوونەوەی بۆ ڕەوشی ئاسایشی لە عێراقدا کردووە.

کاربەدەسـتان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەری فنلەند ئەمەیان بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاندووە و گوتویانە ئیدی ئەوە نامێنێت هەر کەسێـک تەنها لەبەر ئەوەی عێراقی بێت لەم وڵاتە وەکو پەنابەر وەربگیرێت.

گوتوشیانە زۆربەی ئەو عێراقیـیانەی ئەمساڵ گەیشتوونەتە فنلەند کە نزیکەی 23 هەزار کەس دەبن، لە لایەن خزم و ناسیاویانەوە کە لەم وڵاتەن هاندراون بێن، هەروەها ئەو یاسایانەی لە وڵاتەکەدا هەن بۆ پـێدانی مافی پەنابەری ئەویش هۆکارێـک بوون.

بەپـێی یاساکانی فنلەند ئەوەی داوای مافی پەنابەری دەکات دەبێت بنەمایەکی ڕاستەقینەی بۆ مەترسیـیەکانی هەبێت کە لە وڵاتی خۆیدا دووچاری ستەم دەبێتەوە.

کاربەدەسـتانی ئۆفیسی پەنابەری فنلەند ئێستا دەڵێن بڕیاردان لەسەر ئەوەی هەر کەسێک شایەنی وەرگرتنی مافی پەنابەریـیە یان نا، دەوەستێتە سەر بارودۆخی کەسەکە نەک تەنها لەبەر ئەوەی عێراقیـیە.

باسیشیان لەوە کردووە کە زانیاریان هەیە بارودۆخی هەردوو پارێزگای بابل و کەرکوک باشبووە، بەڵام لە بەغدای پایتەخت هێشـتا نا. لەگەڵ ئەوەشدا گوتویانە مەرج نیـیە هەر کەسێـک لە بەغداوە هاتبێت مانای ئەوەیە لە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو لە ناوەڕاستی هلسنکی خۆپـیشـاندانێـکی ناڕەزایی سـازکرا، پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی فنلەند گوتبویان لەگەڵ بەغدا وتووێژ دەکەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێـک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی دەبینن مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ژیانیان نیـیە.

مانگی ڕابردوو فنلەند وەرگرتنی عێراقی و سۆماڵیـیەکانی ڕاگرت هەتا ئەو دەمەی دەزگا بەرپـرسەکان پـیاداچوونەوەیەک بۆ بارودۆخی ئاسایشی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.

تۆڕی بزوتنەوەی ئازادی فنلەند لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی کە نابێت کەس بۆ عێراق ڕەوانەبکرێتەوە، چونکە بەپـێی ڕاپـۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتی عێراق وڵاتێـکی ئارام نیـیە.

XS
SM
MD
LG