له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق به نه‌دانی "ژماره‌ی سپاردن" ڕێگه‌ی گرتووه له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی نوێی نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه ئاسۆ جه‌بار .
"دۆزه‌خی حه‌قیقه‌ت" کتێبه نوێیه‌که‌ی ئاسۆ جه‌بار ، وه‌ک باسکراوه بریتیه له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی 500 لاپه‌ڕه‌یی به به‌ڵگه و زانیاری دروسته‌وه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلکاری و توند و تیژیانه‌ی به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌وانان و نوسه‌ران و چالاکوانن کراون له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا.
سه‌نته‌ری میترۆ ڕاگه‌یاندنێکی له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه گرتنه بڵاو کردۆته‌وه و ئه‌م ناونیشانه‌شی داوه‌تێ وه‌ک نوسراوه "هه‌ر وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری مابوو پێشێلکاری بکات"
له به‌شیکی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه" سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌مافی ڕۆژنامه‌نوسان ئیدانه‌ی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ژماره‌ی سپاردن ناداته كتێبی "دۆزه‌خی حه‌قیقه‌ت" له‌نوسینی ئاسۆ جه‌بار. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌م بڕیاره‌ی ده‌چێته پاڵ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به‌رده‌وامن له پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ئازادی ڕاده‌بڕین و ڕۆژنامه‌نوسان.
ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری دژی یاسایی كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره (35)ی ساڵی 2007 كه له‌به‌ندی یه‌كه‌می مادده‌ی دووه‌مدا نوسراوه ئازادی ڕاده‌بڕین و بڵاوكردنه‌وه بۆ هه‌موو هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ره، له‌چوارچێوه‌ی ڕێزگرتنی ماف و ئازادییه تایبه‌ته‌كانی تاكه‌كان و تایبه‌تمه‌ندێكانی ژیانیان."
نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه ئاسۆ جه‌بار میوانی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی فه‌رهه‌نگ و تۆره‌ی کوردیه.
ئاسۆ جه‌بار ده‌ڵێت "به‌خته‌وه‌ره به‌وه‌ی ڕێگه به بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه نوێیه‌که‌ی نه‌دراوه دیاره ئامانجی خۆی پێکاوه"
بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه زۆر هه‌وڵدرا په‌یوه‌ندی به دکتۆر کاوه مه‌حمود ، وه‌زیری ڕۆشنبیری له حکومه‌تی هه‌رێم و کاربه‌ده‌ستانی تری وه‌زاره‌ته‌وه بکرێت به‌ڵام مه‌خابن نه‌توانرا هیچ یه‌کێک له‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فونیانه وه‌ربگیرێن.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی فه‌رهه‌نگ و تۆره‌ی کوردی بن که ماوه‌که‌ی 14:45 خوله‌که.