Accessibility links

تەکفیر چیـیە و چۆن لە جیهانی موسڵماناندا بەکاردەهێنرێت

  • VOA News

نووسینی: نەفیس تاکار، نور زاهید

لەم هەفتەیە ئێران ڕایگەیاند دەسەڵاتداران پـیلانگێڕیـیەکی تێرۆرستی گەورەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە ئامانجی تارانی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە بووە. وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران گوتی گروپـێکی تێرۆرسـتی "تەکفیری" پـلانیان دانابوو لە چەند ڕۆژی داهاتوو زنجیرەیەک تەقینەوە ئەنجام بدەن.

ئەم دەستەواژەی "تەکفیر" ـە مانای چیـیە و چۆن گروپە توندڕەوەکان و ڕژێمی ئێران بەکاریان دەهێنن لە دژی نەیارانیان؟

تەکفیر چیـیە؟

جاوید ئەحمەد غامیدی زانای ئاینی پاکسـتانی دەڵێت " هەر موسڵمانێـک یان گروپێـکی موسڵمان موسڵمانێـکی دیکە یان تائیفەیەکی دیکەی موسڵمان بە کافر یان هەڵگەڕاوە لە ئاین ناودێربکات، ئەوا ئەم کارەی تەکفیرە."

چۆن دەسـتەواژەی کافر لە جیهانی موسڵماناندا بەکاردەهێنرێت؟

دەسـتەواژەی کافر لە لایەن هەندێـک گروپی توندڕەو بەکاردەهێنرێت، ئەمەش لە ڕوانگەیەکی تەسکەیانەوە بۆ ئاینی ئیسلام، بۆیە موسڵمانانی دیکە یان گروپە موسڵمانەکانی دیکە بە کافر و هەڵگەڕاوە لە ئاین ناودێردەکەن. هەروەها لە دژی ئەوانەش بەکاریدەهێنن کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانیان نین یان بەیعەتیان ناکەن. دانانی کەسێـک بە هەڵگەڕاوە لە ئاین یان کافر سزاکەی مەرگە.

ژمارەیەک لە گروپە توندڕەوە سووننەکانی پاکستان، لەوانە "لەشکری جیهانگی" وشەی کافر بەکاردەهێنن لە دژی موسڵمانە شیعەکان. بە هەمان شێوە گروپە شیعەکانی وەکو " تەحریکی جەعفەری پاکستان" کە ئەوانیش بە سووننەکانی وڵاتەکەیان دەڵێن کافر.

بە شێوەیەکی گشتی ڕێبەرانی سووننە و شیعە زۆر جار گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بە گروپی تەکفیری ناودێردەکەن.

ژمارەی ئەو گروپە تەکفیریـیانە لە جیهانی ئیسلامیدا زۆر کەمە.

تەکفیریـیەکان کێن؟

قیبلە ئەیاز لێکۆڵەری ئاینی پاکستانی توێژینەوە لەسەر مێژووی تەکفیرکردن دەکات کە لە سەدەی یەکەمی ئیسلامدا بە "خەوارج" ناودێردەکران.

ئەیاز دەڵێت خەوارج بەوانە وتراوە کە لە دژی خەلیفەی چوارەمی ئیسلام عەلی بن ئەبی تالیب هەڵگەڕانەوە کە ئامۆزای پـێغەمبەر محەمەدیش بوو و هەروەها زاواشی بوو. پاشان خەوارجەکان کوشتیان چونکە ئامادە نەبوو لەگەڵیان شەڕی گروپێـکی دیکەی موسڵمانان بکات.

ئایا لە نێو شیعەکانیشدا گروپی تەکفیری هەن؟

ژمارەیەک گروپی شیعە هەن ئەوانیش نەیارەکانیان بە کافر ناودێردەکەن. جاوید ئەحمەد غامیدی بە دەنگی ئەمەریکا گوت لایەنگرانی حەسەن بن سەباح گەورە مەلای شیعە لە پاکستان هێرشیان کردووەتە سەر نەیارانیان و تەنانەت هێرشی خۆکوژیشیان لە دژیان ئەنجامداون.

کێن ئەوانەی دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کەسانی دیکە بە کافر و هەڵگەڕاوە لە ئاین دابنێن؟

هەرچەندە ئاینی ئیسلام دەسەڵاتی بە کەس نەداوە گروپـێـکی موسڵمانان بە کافر دابنێت، بەڵام چەند دەستەیەکی ئیسلامی لە پاکستان ئەو کارەیان کردووە. غامیدی لەم بارەیەوە پـێیوایە دەبێت تەنیا دەوڵەت ئەو دەسەڵاتەی هەبێت. زۆربەی وڵاتانی موسڵمان دەزگایەکی ئاینیـیان بۆ ئەم مەبەستە هەیە و پـێی دەڵێن "دار الفتوى". ئەم دەزگایە بەرپـرسە لە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بابەتە ئاینیـیەکانی وڵاتەکە لەسەر بنەمای زانیاریـیەکی تەواو لەسەر ئاینی ئیسلام و ڕەچاوکردنی باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و زانستی و مێژوویی سەردەمەکە.

ئێران چۆن دەستەواژەی تەکفیر لە دژی نەیارانی لە ناوچەکە بەکاردەهێنێت؟

ڕژێمی ئێستای ئێران زۆر دەستەواژەی "تەکفیریـیەکان" بەکاردەهێنێت بۆ ناوێرکردنی ئەو گروپانەی ڕەنگە پەیوەندیـیان بە وڵاتە سووننەکانەوە هەبێت، لەوانە عەرەبستانی سعودیـیە و هەروەها گروپەکانی لە دژی ڕژێمەکەی دەوەستنەوە.

تاران دەستەواژەی تەکفیریـیەکان لە سوریا تەنیا بۆ داعش بەکارناهێنێت، بەڵکو بۆ هەموو گروپەکانی شەڕی ڕژێمی ئەسەد دەکەن، بەوانەشی ڕۆژئاوا پشـتیوانیان دەکات.

ئایا داعش گروپێـکی تەکفیریـیە؟

هەریەک لە ئەیاز و غامیدی دەڵێن بەپـێی مێژووی نوێی ئیسلام داعش ڕێک گروپـێـکی تەکفیریـیە.

ئەیاز دەڵێت داعش گروپە موسڵمانە سووننەکانی نەیاری و هەموو شیعە و ئەوانەشی لە دژی بیروباوەڕەکەین بە کافر و هەڵگەڕاوە لە ئاین ناودێردەکات، بۆیە ئەوانەی دوای بیروباوەڕی داعش کەوتوون پـێـیان وایە بە تاڵانبردنی موڵک و تەنانەت ژنی ئەو نەیارانەیان کە بە کافر ناودێریان دەکەن پـێـیان حەڵاڵە.

XS
SM
MD
LG