Accessibility links

دووەم شەڕڤانی ئەمەریکایی لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا


نووسینی: سیروان قجۆ

ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو شەڕڤانانی کورد لە لێدوانێکدا ڕایانگەیاند کە هاوڵاتی ئەمەریکایی ولیام ساڤج هەفتەی ڕابردوو لە شەڕی رزگارکردنی مەنبج گیانی لەدەسـتدا وەک دووەم ئەمەریکایی خۆبەخش لە شەڕی دژی داعشدا. شەڕڤانان ڕایانگەیاند کە ساڤج سەرقاڵی رزگارکردنی هاوڵاتیان بووە کاتێك بە گولـلەی چەکدارانی داعش پێکراوە و بەهۆی خوێن بەربوونەوە گیانی سپاردووە.

ساڤج تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی مەریلاند و کارۆلاینا یە لە ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمەریکا. لە سەرەتای ساڵی 2015 پەیوەندی بە شەرڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش. ساڤج ناسنامەی 'ئامەد کوبانی' لەلایەن شەرڤانەنەوە پێبەخشراوە و ئەرکی رزگارکردنی هاوڵاتیانی سڤیلی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی مەنبەج دا گێڕاوە.

"ئەو کەسێکی زۆر بە جەرگ بوو کە دەیویست یارمەتی کورد بدات،" باوکی ساڤج، ڕێینالد ساڤج، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند.

بەگوێرەی لێدوانی باوکی، ساڤج کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە کە بڕیاری داوە بچێت بۆ یۆنان بەمەبەستی خوێندن. "نەمدەتوانی ڕێگەی لێبگرم بۆ ئەوەی بڕوات و یارمەتی ئەوخەڵکە بدات.... بەڵام هەرگیز نەمدەزانی دەڕوات بۆ سوریا،" باوکی ساڤج بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

چیرۆکی جوامێری ساڤج لە شەڕی دژی داعش بووەتە جێگەی باس لای شەڕڤانانی کورد و بیانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

شەڕڤانی خۆبەجشی بەریتانی مەیسەر گیفۆرد سەبارەت بە ساڤج بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو باشترین نمونەی شەرڤانی بیانی و ئەمریکی بوو. هیچ کەس نییە کە وشەیەکی خراپی لەبارەی ئەوەوە هەبێت جگە لە خۆشەویستی."

تەرمی ساڤج تا ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام باوکی لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە هەوڵی گەڕاندنەوەیەتی بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی لەشوێنی لەدایك بوونی بەجاك بسپێردرێت.

شایەنی باسە دایکی ساڤج، نانسی، لە ساڵی 2000 کۆچی دوایی کردووە و لە سەردەمی لاوێتی وەکو کچە خۆبەخشێك یارمەتی سەربازانی ئەمەریکی داوە لە شەڕی ڤێتنام.

ساڤج "لە دایکیەوە فێربوو کە هەمیشە ئامادەبێت یارمەتی کەسانی تر بدات،" باوکی شەڕڤانەکە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەی بەدەنگی ئەمەریکای ووت.

XS
SM
MD
LG