Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا: بەشار ئەسەد ئایندەی لە سوریا نابێت


وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە پاش تەواوبوونی شەڕ ئایندەی لەو وڵاتەدا نابێت، بەڵام لە کۆتایـیدا خەڵکی سوریا بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدەن.

هەفتەی ڕابردوو واشنتن ئاماژەی کرد چیتر سەنگی ناخاتە سەر مەسەلەی لابردنی ئەسەد لەم کاتەی گرنگی زیاتر بە شەڕی دژی گروپە تێرۆرستیەکانی وەکو داعش دەدات.

لە ڕابردوودا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بە بەردەوامی ڕایاندەگەیاند هەر ڕێکەوتنێـکی ئاشتی بێتە کایەوە دەبێت تیایدا بەشار ئەسەد دەسـتبەرداری دەسەڵات ببێت.

فێدریکا مۆغێرنی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی پاش نزیکەی حەوت ساڵ لە شەڕ پـێدەچێت شتێکی تەواو ناواقعی بێت ئایندەی سوریا ڕێک وەکو جارانی لێبێتەوە.

بەڵام گوتیشی خەڵکی سوریا بڕیار لەسەر ئایندەی وڵاتەکەیان دەدەن، وە هەر چارەسەرێک کە هەموو سوریـیەکان پەسەندی بکەن ئەوا یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لێدەکات.

هاوکات چەند سەرچاوەیەکی دیپـلۆماسی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان ئاشکراکرد پـێشبینی دەکەن وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایبگەیەنن لە سایەی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئاشتی هەمیشەیی لە سوریا بەدی نایەت.

سیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لای خۆیەوە گوتی پـێیوایە هەڵوێستی ئەمەریکا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمەش شتێـکی زیاتر واقعی ترە بەراورد بە جاران، چونکە لە سەرەتاوە سووربوون لەسەر لابردنی ئەسەد هیچ ئەنجامێـکی نابێت و تەنها بەرەو ڕێگەیەکی داخراو دەچێت.

بەڵام گوتیشی تاکە شتێـک کە ناکرێت ببێت، ئەوەیە دیکتاتۆرێک ئەو هەموو تاوانە دڕندانانەی ئەنجام دابێت و هیچی لێنەیەت.

XS
SM
MD
LG