Accessibility links

ئەردۆغان: ئەمەریکا بە پەیەدە و یەپەگە گۆماوی خوێن دروسـتدەکات


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەمەریکا گۆماوێـکی خوێن دروسـتدەکات، بەوەی دان‌نانێت کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سوریا گروپـی تێرۆرستین.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێـکیدا بۆ کاربەدەسـتانی خۆجێی گوتی " ئەی ئەمەریکا کە ئێوە ئەوان بە تێرۆرست دانانێن، ئەوا ناوچەکە دەبێتە گۆماوی خوێن."

پاشان گوتی " ئەی ئەمەریکا چەند جار پـێتان بڵێین، ئێوە لەگەڵ ئێمەدان یان لەگەڵ گروپە تێرۆرستیـیەکانی پەیەدە و یەپەگەن؟ ئایا جیاوازی هەیە لە نێوان پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە؟"

گوتیشی بە ئەمەریکایـیەکانیان گوتووە پەیەدە و یەپەگە تێرۆرستن، بەڵام ئەمەریکایـیەکان هەر دەڵێن نەخێر پەیەدە و یەپەگە وەکو تێرۆرست نابینن.

جێی ئاماژەیە سەردانەکەی ئەم دوایـیەی برێت مەکگورک نوێنەری سەرۆک ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بۆ شاری کۆبانی بووە مایەی ناڕەزایـیەکی توندی حکومەتی تورکیا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوێنێ سێشەممە جۆن باس باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیای بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر لێدوانێـکی جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە گوتبووی یەپەگە تێرۆرست نین.

هەر دوێنێش مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی دەبێت وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی تورکیا بڕیاری خۆیان لە بارەی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە بدەن" ئایا ئێمە هاوبەشتانین تەنها بۆ شەڕی داعش یان هەموو گروپە تێرۆرستیـیەکان." ئەمەش مەبەستی هێزەکانی یەپەگەیە کە تورکیا وەکو باڵێـکی پارتی کرێکارانی کوردسـتان پەکەکە چاویان لێدەکات.

XS
SM
MD
LG