Accessibility links

ئەردۆغان: وڵاتانی ڕۆژئاوایی پـشـتگیری لە تێرۆر و کودەتاچیان دەکەن

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گرت و گوتی پشـتگیری لە تێرۆر دەکەن و هەروەها لەوانەشی هەوڵی کودەتایان بەسەری دابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک وەبرهێنەر لە کۆشـکی سەرۆکایەتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێـکی پـێشکەشکرد و تیایدا ڕووی دەمی کردە ئەمەریکا و بە توڕەیـیەوە گوتی " ئەوە چۆن دەبێت، کاتێـک ئێمە دۆستی ستراتیژی بین، من بە ناوی وڵاتەکەمەوە داوای ڕادەسـتکردنی کەسێـک دەکەم لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی گرنگی ئاسایشی نیشتیمانی، کەچی ئێوە حەشار و داڵدەی دەدەن."

گوتیشی " بە ڕاشکاوانە پـێتان دەڵێم نە لە کاتی هەوڵی کودەتاکە و نە لە دواشیدا هیچ ئەو پاڵپشـتیـیە نەکراین کە لە دۆستەکانمان چاوەڕێمان دەکرد."

پاشان گوتی کودەتاکە شتێـک نەبوو لە ناوەوە پـلانی بۆ کرابێت، بەڵکو لە دەرەوە داڕێژرابوو.

لە بەشێـکی وتارەکەی هێرشیشی کردە سەر ئەڵمانیا کە ڕێگەیان پـێنەدابوو وتارێـک لە ڕێگەی ڤیدیۆوە پـێشـکەش بە بەشداربووانی خۆپـیشاندانێـک بکات کە لە شاری کۆلۆنیای ئەڵمانیا سازکرابوو بۆ پـشـتیوانیکردن لە حکومەتی تورکیا.

گوتی بەرلین ڕێگەی بەو نەداوە کە بۆ پشـتیوانیکردن بووە لە دیموکراسی، بەڵام هەر لەم دوایـیانە ڕێگەی بە وتارێـکی سەرکردەی پەکەکە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە دابوو.

ئەردۆغان مەخابنی خۆشی دەربڕی کە لە ئەوروپا هەوڵ هەیە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی گەشتیاران ڕوو لە تورکیا بگرن. گوتی " بە داخەوە لە هەندێـک وڵاتی ئەوروپا ئاگاداری لە فڕۆکەخانەکانی هەڵواسراون کە تیایاندا نووسراوە (مەڕۆن بۆ تورکیا، ڕۆیشتن بۆ تورکیا ئەردۆغان بەهێز دەکات).... ئایا ئەمە دیموکراسـیە، خۆ من سەرۆکێـک نیم بە کودەتای لەشکری هاتبمە سەر دەسەڵات، بەڵکو من سەرۆکێـکی هەڵبژێردراوم بە دەنگی 52% ی خەڵک.

هاوکاتی ئەم وتارە بەکر بۆزداغ وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند نامەیەکی دیکەی فەرمیـیان ئاڕاستەی ئەمەریکا کردووە بۆ ڕادەسـتکردنی فەتحوڵڵا گولەن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە نامەی دووەمدا باسیان لەوە کردووە کە بۆچی دەیانەوێت دەسـتبەجێ ڕادەسـتیان بکەن.

حکومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکی کە لە ئەمەریکا دەژی بەوە تاوانباردەکات کە لە پشت هەوڵی کودەتاکەوەیە، بەڵام ناوبراو بە توندی ئەم ئیدیعایانەی حکومەتی تورکیا ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG