Accessibility links

ئەردۆغان: قایل نابین یاساکانی خۆمان بگۆڕین لەبەر لابردنی داوای ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی تورک


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی قایل نابێت یاساکانی دژە تێرۆری خۆی بگۆڕێت تاوەکو یەکێتی ئەوروپا ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر لابردنی داوای ڤیزا لە هاوڵاتیانی تورک ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی ئەوروپا بکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە بۆنەیەکدا لە ئستەنبوڵ گوتی " یەکێتی ئەوروپا داوامان لێدەکات یاسای دژە تێرۆر هەموار بکەین، لە بەرامبەر لابردنی داوای ڤیزا." پاشان ڕووی دەمی کردە ڕێبەرانی ئەوروپا و گوتی " ئەی ئێوە بۆچی سەرەتا عەقڵیەتی خۆتان ناگۆڕن کە ڕێگە بە تێرۆرستان دەدەن لە پاڵ پەرلەمانی ئەوروپا چادر هەڵبدەن و پاشان یارمەتیـیان پـێشـکەش دەکەن و دەڵێن ئەمە دیموکراسیـیە، بەڵام بۆ ئێمەش مەرج دادەنێن بۆ نەهێشتنی داوای ڤیزا، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین ئێمە بە ڕێگەی خۆمان دەڕۆین و ئێوەش بە ڕێگەی خۆتان بچن و بڕۆن لە کێ ڕێکدەکەون ڕێبکەون."

جێی ئاماژەیە یەکێتی ئەوروپا داوای لە تورکیا کردبوو پـیاداچوونەوە بە یاساکانی دژە تێرۆری خۆی بکات، لەوانە ئەو بڕگەیەی تیایدا تێرۆر پـێناسە دەکرێت. چاودێران دەڵێن پـێناچێت پەرلەمان و ڕێبەرانی ئەوروپا دەنگ بۆ لابردنی داوای ڤیزای سەر تورکەکان پەسەندبکەن هەتا حکومەتی تورکیا مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ نەکات.

پـێشتر ئەوروپا و تورکیا ڕێکەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ تورکیا، بە تایبەتی سوریـیەکانی هەتا ئێستا لە یۆنانن، ئەمەش لە بەرامبەر پێـدانی بە سەدان ملیۆن دۆلار بە تورکیا. بۆیە شیانی هەیە ئەم مەسەلەی ڤیزایە ببێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکەوتنەش.

XS
SM
MD
LG