Accessibility links

سویسرا لێکۆڵینەوە لەسەر پـۆستەرەکەی دژی سەرۆکی تورکیا دەکات


داواکاری گشتی لە سویسرا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی پـۆستەرێک کە لە خۆپیشاندانێکدا لە شاری بێرنی پایتەخت لە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەرزکرایەوە.

دۆمێنیک یجی گوتەبێژی پۆلیسی بێرن ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی داواکاری گشتی دەیەوێت بزانێت ئایا ئەو پـۆستەرە یاساکانی نەهێشتنی هاندان بۆ توندوتیژی پـێشێلکردووە یان نا.

خۆپـیشاندانەکە ڕۆژی شەممە لە لایەن چەند گروپ و پارتێکەوە ئەنجام درا، پـۆستەرێـکی گەورە تیایدا بەرزکرایەوە کە لەسەری وێنەی دەمانچەیەک ئاڕاستەی سەری سەرۆکی تورکیا کرابوو و لە ژێریدا بە ئینگلیزی نووسرابوو "ئەردۆغان بکوژن" .

پارتی دیموکراتی سۆسیالیستی سویسرا کە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لە زاری گوتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند گروپێک کە هیچ پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکەوە نەبوو ئەو پـۆستەرەیان بەرزکردبووەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناڕەزایـیەکی توندی لە دژی دەربڕی و گوتی پارتە چەپڕەوەکانی سویسرا و تێرۆرستان کە مەبەستی لایەنگرانی پەکەکەیە و یەپەگە بوو، پـێکەوە خۆپیشاندانیان کرد و وێنەی سەرۆکی تورکیایان لە بەردەم پەرلەمانی سویسرا بەرزکردەوە کە دەمانچەیەک ئاڕاستەی سەری کرابوو، بەڵام پەرلەمانی سویسرا بێ دەنگ مایەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتی دیپـلۆماتانی سویسری کرد و داوای لێکردن ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە بگیرێتەبەر.

XS
SM
MD
LG