Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی لە بەرامبەر گۆڤارێـکی ئەڵمانیا دەردەبڕێت کە ئەردۆغانی بە دیکتاتۆر ناودێرکردووە


تورکیا بە توندی ڕەخنەی لە گۆڤارێـکی بەناوبانگی ئەڵمانیا گرت لەسەر دەرکردنی ژمارەیەکی تایبەت کە تیایدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای بە دیکتاتۆر ناودێرکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە ڕاگەیاند و تیایدا نووسیویەتی گۆڤاری دێر شبیگل ژمارەی تایبەتی هەفتانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەردۆغان، ئەمەش بە ئاشکرایی سووکایەتیکردنێـکی ڕوونە بە موسڵمانان لە میانەی جەژنی قورباندا.

پاشان نووسیویەتی ئەم ژمارەی گۆڤارە کارێکی ئیستفزازیانەیە و ئاماژەیەکی نوێـیە بۆ ئەو بیرکردنەوە چەوت و زیانبەخشەی کە بە پلەی یەکەم جیهانی ئیسلامی دەکاتە ئامانج.

ژمارەکە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی " ئەو وڵاتەی ئازادیـیەکانی لەدەست دەدات" و لە بەرەگەکەی ئەردۆغانی بە دیکتاتۆر ناودێرکردووە و وێنەیەکی تیایدا داناوە کە چاویلکەی لە چاودایە و هەروەها وێنەی مزگەوتی ئستەنبوڵ تیایدا کراوە کە دوو منارەی بوون بە موشەک و هەڵدراون.

تانجو بیلگیچ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە گوتی بەرگی ژمارەکە کە لە کاتی جەژندا بڵاوکراوەتەوە، مەبەست لێی وێناکردنێـکی خراپی نەک تەنها سەبارەت بە تورکیا بەڵکو بۆ ئیسلامیش.

پاشان وەزارەتەکە سیاسەتی گوڤارەکەی بە "زۆر نا بەرپـرسانە" ناودێرکرد، دەشڵێت ئەمە دوایـین نمونەی ڕوون و ئاشکرای تێڕوانینی دژ بە تورکیای گۆڤارەکەیە.

دواتر گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی ئەم جۆرە هەوڵانە شەرمەزاردەکەن کە دەیانەوێت ئەردۆغان لەکەداربکەن. گوتیشی داوادەکەن کۆتایی بهێنرێت بەم هەوڵە بێ سوودانە کە دەیانەوێت لە ڕێگەیەوە وێنەی تورکیا ڕەش بکەن.

جێی ئاماژەیە لەم ژمارە تایبەتەی گوڤاری دێر شبیگل نووسراوە " چی لە تورکیا دەگوزەرێت؟ قورسە ڕۆژێـک ئەو وڵاتە بێ هەواڵی ناخۆش بێت.... ئەردۆغان لە چاکسازیخوازەوە بووە بە ستەمکار."

دێر شبیگل مێژوویـیەکی درێژی هەیە لە گرفت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا. پـێشتر ئەمساڵ پەیامنێرەکەی لە ئستەنبوڵ کشاندەوە پاش ئەوەی مۆڵەتی کارکردنی ساڵانەیان بۆ نوێ نەکردەوە.

XS
SM
MD
LG