Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەگەر پـێویست بکات هێز بۆ ناو سوریا ڕەوانە دەکات


رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئاگاهی ئەوەی داوە کە ڕەنگە سوپای وڵاتەکەی بچێتە نێو خاکی سوریاوە، ئەمەش بە گوتەی خۆی بۆ ڕاگرتنی هێرشی موشەکی بەردەوامی چەکدارانی داعش بۆ سەر خاکەکەی.

بەڵام رەخنەگران دەڵێن مەبەستی سەرەکی ئەردوغان بۆ چونە نێو سوریاوە بۆ بە ئامانجکردنی هێزەکانی کوردی سوریایە، ئەو هێزەی بە پەیوەندیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەکات. شارەزایان دەڵێن هەر دەستێوەردانێکی لەشکری تورکیا لە سوریادا پێویستی بە هاوکاری وڵاتانی دیکە هەیە، بە پێچەوانەوە ئەو کارە مەترسی بەرەنگاربوونەوەی لەشکری لێدەکرێت.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، لەشکری تورکیا هێز و زرێپۆشی لە ناوچەی سەرسنووری خۆی لەگەڵ سوریا نیشتەجێ کردووە ، لەو شوێنەی کە چەکدارانی داعش موشەکیان ئاڕاستەی شارۆچکەی کلیسی تورکی کردووە، ئەو شارۆچکەیەی هاوسنوورە لەگەڵ ئەو شوێنە نائارامە لە سوریا کە هەنوکە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشە.

لە وەڵامدا سەرۆک رەجەب تەیب ئەردوغان گوتویەتی کە هێزە لەشکریەکانی وڵاتەکەی ئامادەسازی دەکەن بۆ پاکردنەوەی ناوچەی سنووری لە دیوی سوریاوە لە چەکدارانی داعش، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو لایان توپبارانی یەکتریان کرد.

بەڵام قەدری گورسێل ستون نووسی سیاسی لە ژۆژنامەی جمهوریەتی تورکی و ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر دەڵێت مەبەست لە هەر دەستێوەردانێکی لەشکری تورکیا لە سوریادا لە دژی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش نییە . ناوبراو دەشڵێت سەرتۆپی بایەخی ئەردوغان هەرگیز چەکدارانی داعش نەبووە، بەڵکو کوردەکانی سوریا ئامانجی سەرەکیـیەتی.

هێزە کوردیەکانی سوریا ئەوانەی ئایدیۆلۆژیای پەکەکەیان هەیە، پەیوەندیەکی بەهێزی رێکخراوەیی لە نێوانیان هەردوو لایاندا هەیە. سەرۆکی تورکیا گەرەکێتی ڕێگری لە کوردەکانی سوریا و لە هێزەکانی رژێمی سوریا بکات لەوەی ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ نەکەن.

سەرهەڵداوانی پارتی کرێکرانی کوردستان شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەکەن لە پێناو بەدەست هێنانی مافی زیاتر بۆ کوردانی تورکیا، هەروەها چەکدارەکانیان هاوکاری گروپی پەیەدەیان لە سوریا کردووە ، ئەو هێزانەی بە پشتیوانی ‌هێزەکانی ئەمەریکا زیانی زۆریان بە چەکدارانی داعش لە سوریا گەیاندووە و ناوچەیەکی فراوانی سنووریـیان لەگەڵ تورکیا لە ژێر دەسەڵاتدایە.

XS
SM
MD
LG