Accessibility links

ئەردۆغان بۆ عەبادی: سنووری خۆت بزانە.. تۆ لە ئاستی مندا نیت


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری عێراقی دایەوە کە داوای کردبوو تورکیا هێزەکانی لە باکوری عێراق بکێشێتەوە.

سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێـکدا لە ئستەنبوڵ ڕەتی کردەوە لەشکری وڵاتەکەی لە سەربازگەی باشیک بکشێتەوە و هێرشی توندی کردە سەر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و گوتی " تۆ لە ئاستی مندا نیت. هاژوهوژت لە عێراق بۆ ئێمە بە هیچ شێوەیەک گرنگ نیـیە. چاک بزانە چیمان بوێت دەیکەین. دەبێت یەکەم شت سنووری خۆت بزانیت."

پاشان گوتی لە سەردەمی سەرۆک وەزیر ئەحمەد داوود ئۆغڵو، عەبادی خۆی دوای کردبوو بنکەیەک لە باشیک دابمەزرێنن. باسی لەوەش کرد کە هەموو وردەکایـیەکان بە ڤیدیۆ تۆمارکراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن بڵاوی دەکەنەوە. گوتیشی ناکشێنەوە و لەشکری تورکیا فێر نیـیە فەرمان لە کەس وەربگرێت.

ئەردۆغان ڕەخنەی لە وڵاتانەش گرت کە داوا لە تورکیا دەکەن لە عێراق بکشێتەوە و گوتی "هەندێـک وڵات لە دوری هەزاران کیلۆمەترەوە هێزیان بۆ ئەفغانسـتان و شوێنی دیکە ڕەوانەکردووە تاوەکو ئۆپەراسیۆنی لەشکری ئەنجام بدەن، بەڵام تورکیا کە نزیکەی 911 کیلۆمەتری لەگەڵ سوریا هەیە و 350 کیلۆمەتریشی لەگەڵ عێراق هەیە، پێی دەڵێن بۆت نیـیە ئەم کارە بکەیت. ئێمە هەرگیز ئەو لۆجێـکە چەوتە قبوڵ ناکەین."

جەختی لەوەش کرد تورکیا چاوی لەسەر خاکی کەس نیـیە و هیچ ئامانجێـکی زیاتری نیـیە جگە لە پاراستنی خاکی خۆی و موسڵمانانی ناوچەکە. گوتیشی ناکرێت تورکیا لە ئاست ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات دەستەوەستان بوەستێت و ناتوانێت بە دەنگ داوای براکانی لەوێ نەچێت."

جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی لەم دوایـیانە چەند جارێـک داوای لە تورکیا کرد هێزەکانی لە باکوری عێراق بکێشێتەوە و ئاگاهی دا لەوەی ڕەنگە مانەوەی ئەو هێزانە ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێـکی هەرێمی لە ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG