Accessibility links

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیمارات بە 282 سەرنشینەوە گردەگرێت


فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیمارات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بە 282 سەرنشینەوە گڕدەگرێت و بەپـێی کاربەدەسـتانی فڕۆکەخانەکە توانراوە بە پەلە هەموو سەرنشینەکان و تاقمی فڕۆکەکە کە لە 18 کەس پـێکهاتوون بە سەلامەتی ڕزگاربکرێن.

هێڵی ئاسمانی ئیمارات ڕایگەیاند ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەوروبەری کاژمێر 12:45 ی نیوەڕۆ بە کاتی خۆجێی گەشتی ژمارە EK521 ی هێڵەکەیان کە لە شاری ثیروڤانانثاپـورامی Thiruvananthapuram هندستانەوە بەرەو دوبەی هاتبوو، لە ناکاو فڕۆکەوانەکەی داوای نیشتنەوەی بە پەلەی کرد، چونکە دوکەڵ لە پـێشی فڕۆکەکە بەرزبووەتەوە.

تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن فڕۆکەکە هەر کە نیشتووەتەوە ئاگری‌گرتووە، بەڵام لەگەڵ وەستانی هەموو دەرگاکانی بە شێوەی حاڵەتی نائاسایی کراونەتەوە و توانراوە لە ماوەی 45 چرکە هەموو سەرنشینەکانی ڕزگاربکرێن.

فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگی 777 ـە و لە ساڵی 2003 وە خراوەتە کار.

ئەحمەد بن سەعید ئال مەکتوم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانی ئیمارات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی کارمەندێـکی فریاکەوتن لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە گیانی لەدەسـتداوە و هەروەها 14 کەسیش برینداربوون و تەنیا چواریان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

کاربەدەسـتانی فڕۆکەخانەکە بڕیاریان داوە بە شێوەیەکی کاتی هەموو گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکە ڕابگرن، هەرەچەندە فڕۆکەکە لەسەر ڕێڕەوی سەرەکی فڕۆکەخانەکە نەنیشتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG