Accessibility links

داواکاری گشـتی ئستەنبوڵ خوازیارە تاهیر ئەلچی 7 سـاڵ زیندانی بکرێت


داواکارێـکی گشـتی لە تورکیا هەوڵ دەدات تاهیر ئەلچی سەرۆکی ژوری پارێزەرانی دیاربەکر بە 7 سـاڵ زیندانی حوکم بدرێت، ئەمەش بە تاوانی پـرۆپاگەندە بۆ ڕێـکخراوێـکی تێرۆرسـتی.

هەفتەی ڕابردوو ئەلچی بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی CNN Turk کرد و تیایدا گوتبووی "پارتی کرێکارانی کوردسـتان ڕێکخراوێکی تێرۆرست نیـیە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی سیاسی گرنگە و پـیشـتیوانیـیەکی زۆری هەیە، ئەگەرچی هەندێـک لە کارەکانی سیمایەکی تێرۆرسـتیـیان هەیە."

ئەم لێدوانەی ئەلچی کاردانەوەی جودای لێکەوتەوە. لایەنگرانی حکومەت و نەتەوە پەرستە تورکەکان بە پـرۆپاگەندە بۆ پەکەکە ناودێریان کردووە، بەڵام لایەنگرانی هەدەپە و سیکیولارەکانی تورکیا دەڵێن قسەکانی ئەلچی لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕینە کە لە وڵاتەکەدا هەیە.

سێشەممەی ڕابردوو ئەلچی لە دیاربەکر دەسـتگیرکرا و بەرەو ئستەنبوڵ برا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دواتر دادگای ئستەنبوڵ هەر ئەو ڕۆژە ئازادی کرد بەم مەرجەی وڵات جێ نەهێڵێت.

بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە ئۆفیسی داواکاری گشـتی ئستەنبوڵ گوتی سکاڵا یاسایـیەکەی لە دژی ئەلچی تۆمارکردووە بە تاوانی پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆر.

لە ئێسـتادا دەبێت دادگا سکاڵاکە پەسەندبکات بەر لەوەی دەسـتپـکرێت بە دادگایی‌کردنی ئەم پارێزەرە ناودارەی دیاربەکر.

XS
SM
MD
LG