Accessibility links

لە هێرشێـکدا بۆ سەر قپـتیەکانی میسر بە لایەنی کەم 26 کەس دەکوژرێن


کاربەدەسـتانی میسر دەڵێن ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر دوو پاس و ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگری بچوک لە پارێزگایەکی باشوری قاهیرەی پایتەخت و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 26 کەس کوژراون، لەوانە ژمارەیەکیان منداڵن و هەروەها 25 کەسی دیکە برینداربوون.

عیسام بدێوی پارێزگاری منیا گوتی هێرشەکە ئەمڕۆ هەینی لەو دەمەدا کراوە کە ژمارەیەک قپـتی کرستیان بۆ نوێژ و نزا لە شاری بەنی سوەیف بەرەو کڵێسای سانت سامۆئێل لە ناوچەی مەغاغەی منیا بەڕێکەوتبوون. گوتیشی چەکدارەکان لە جادەیەکی بیاباندا ئۆتۆمبیلەکانیان ڕاگرتووە و تەقەیان لێکردوون و لە ئاکامدا دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

پـۆلیس دەڵێت هێرشەبەرەکان کە بە نزیکەی 10 چەکدار مەزەندەدەکرێن بە سێ ئۆتۆمبیل لە ناوچەکە هەڵاتوون.

قەشە ئیرمیا بەرپـرسی سەنتەری ڕۆشنبیری قپتیەکان لەسەر فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر دوو پاس کە یەکێکیان بۆ منداڵان تەرخانکرابوو و ئەوی دیکەیان بۆ گەورە و لە ئاکامدا 35 کەس گیانیان لەدەسـتداوە.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی لەگەڵ دەزگا ئاسایشیـیەکان کرد.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام گومان دەکرێت چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە داعش لە پشت هێرشەکەوە بن، بەو پـێـیەی پـێشتر چەندان هێرشی لەو جۆرەیان کردووەتە سەر خەڵکی سیڤیلی کرستیان لە میسر.

XS
SM
MD
LG