Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی میسر لە پاش تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی خۆی دەکوژێت


چەند سەرچاوەیەک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان ئاشکراکردووە، ئەمینداری گشتی پـێشووی ئەنجومەنی دەوڵەتی میسر خۆی کوشتووە پاش ئەوەی تۆمەتی گەندەڵی ئاڕاستەکرا و بە دوایدا دەسـتگیرکرا.

وائل شەلەبی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مردوویی لە ژوری زیندانەکەی بینراوە. سەید بەحری پارێزەری شەلەبی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت دڵنیایە لەوەی وائل خۆی کوشتووە. گوتشی "ناوبراو لە ژێر فشارێـکی دەروونی زۆردابووە، پـێشتر دادوەرێـکی ناوداربوو و لە ناکاو هەموو شتێـکی لەدەستدا و برایە بەردەم ئەفسەرێـکی لێکۆڵینەوە بە تۆمەتی بەرتیلخواردن."

هەرچەندە هێشتا پـزیشکی دادوەری هۆکاری مردنەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت بە ملپـێچێـک خۆی خنکاندووە.

وائل شەلەبی لە کەیسێـکی بەرتیلخواردن تۆمەتبارکراوە و دەڵێن بەڵگەی لەسەرە کە لەو بەرتیلخواردنە تێوەگلاوە و تەنانەت بەشێـک لە بەڵگەکان پەیوەندی تەلەفونی تۆمارکراون.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی دەوڵەت لە میسر یەکێـکە لەو دەزگا دادوەریـیانەی لە وڵاتەکەدا هەن و هەڵدەستێت بە یەکلایـیکردنەوەی ئەو کەیسانەیە کە لە نێوان تاکە کەسەکان و دەوڵەتدا هەن.

XS
SM
MD
LG