Accessibility links

دادگایەکی میسر بڕیاری سزادانی 4 خوێندکاری کرستیان دەدات بە تاوانی سووکایەتیکردن بە ئیسلام


دادگایەکی میسر بڕیاری سزادانی 4 خوێندکاری کرستیانی قپتی دا بە تاوانی سووکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلام لە گرتەیەکی ڤیدیۆیـیدا.

دادگای سه‌رپێچی نه‌وجه‌وانان له‌ بنی مه‌زاری‌ پارێزگای ئەلمنیای باشوری قاهیره‌ی پایته‌خت ڕۆژی پـێنجشەممە بڕیاری دا 3 لەو خوێندکارانە کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەیـین 5 سـاڵ زیندانی بکرێن و خوێندکارەکەی دیکەیان کە تەمەنی 15 سـاڵە بخرێتە ناوەندی سزادانی نەوجەوانانەوە. دادگاکە تومەتی سووکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلامی ئاڕاستەکردن لەگەڵ نانەوەی فیتنەی ئاینی.

ڤیدیۆکە کە ماوەکەی نیو خولەکە و زیاتر لە ساڵێـکە گیراوە، تیایدا ئەو چوار خوێندکارە دەردەکەون کە یەکێـکیان لەسەر ئەژنۆی دانیشتووە و نزا دەکات و ئەوانی دیکە بە دوایدا دەڵێن ئامین و پـێدەکەنن. ڤیدیۆکە لە لایەن مامۆستایەکیانەوە گیراوە کە ئەویش هەر کرستیانە. مامۆستاکە لە سـاڵی ڕابردووەوە لە خوێندنگەکە دەرکراوە و چیتر بۆی نیـیە کاری مامۆستایی بکات و هەروەها لەو گوندەی تیایدا دەژیا بەخۆی و خێزانەکەی دەرکران.

ماهیر نەجیب پارێزەری چوار خوێندکارەکە گوتی ئەمانە مەبەستیان سووکایەتیکردن بە ئیسلام نەبووە، بەڵکو لاسایی چەکدارانی داعشیان کردۆتەوە کە چۆن خەڵکی سەردەبڕن.

لە ئێسـتادا پارێزەرەکەیان دەتوانێت داوا بکات دادگای پیاداچوونەوە بە بڕیاری دادگای بەنی مەزاردا بچێتەوە.

دەستوری میسر ڕێگە بە ئازادی ئاینی دەدات، بەڵام یاساکانی میسر سووکایەتیکردن بە هەرسێ ئاینی ئیسلام و کرستیان و جولەکە بە تاوان دادەنێت کە سزاکەی دەگاتە 5 سـاڵ زیندانی.

بەڵام دەڵێن ئەگەر خوێندکارەکان و مامۆستاکەیان موسڵمان بوونایە، ئەوا سزاکانیان کەمتر دەبوون یان ڕەنگە سزاش نەدرانایە، بەو پـێیەی ناچێتە چوارچێوەی سووکایەتی کردن بە ئاینی دیکە. زۆر جار لە میسر بەهۆی کێشەی پەیوەست بە ئاینەوە شەڕ و پـێکدادانی خوێناوی لە نێوان موسڵمان و کرستیانە قپـتیـیەکان ڕوویانداوە.

XS
SM
MD
LG