Accessibility links

چەکداران لە میسر هێرش دەکەنە سەر چەندان بنکەی لەشکر و پۆلیس و دەیان کوژراو و بریندار هەن

  • VOA News

ژمارەیەکی زۆری چەکدار بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر چەندان بنکەی لەشکر و پـۆلیس لە باکوری سینای میسر و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 50 سەرباز و پـۆلیس کوژراون و 55 ی دیکەیان برینداربوون.

هێرشەکان ئەمڕۆ چوارشەممە کراونەتە سەر خاڵەکانی پشـکنین و بنکەی پـۆلیس و لەشکر لە ڕەفەح و شێخ زوید و عەریش و هەروەها یانەیەکی ئەفسەران لە عەریش.

عەمید محەمەد سەمیر گوتەبێژی لەشکری میسر لە ڕاگەیاندنێـکدا لەسەر فەیسبوکی فەرمی وەزارەتەکەی نووسیویەتی نزیکەی 70 چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر 5 خاڵی پشـکنین لە باکوری سینا و هێزەکانی میسری 39 لەو چەکدارانەیان کوشتووە و 3 ئۆتۆمبیلیان تێـکشکاندووە کە دۆشەکەی دژە فڕۆکەیان لەسەر بووە. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە فڕۆکە جەنگیـیەکانی وڵاتەکەی بۆردومانی چەکدارەکان دەکەن.

هاوکات گروپی ناسراو بە ویلایەتی سینای سەر بە داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاندووە و دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەر 15 شوێنی لەشکر و پـۆلیس و هەروەها سێ تەقینەوەی خۆکوژیـیان ئەنجامداوە، دووانیان لە خاڵی پشـکنین و یەکێـکیان یانەی ئەفسەرانی عەریش.

کاربەدەسـتێـک بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە چەکدارەکان ژمارەیەک سەربازیان بەدیلی گرتووە و دەسـتیانگرتووە بەسەر چەک و تەقەمەنی لەگەڵ چەند ماشێنێـکی زرێپـۆش. گوتیشی یەک لەو ماشێنە زرێپـۆشانە بە موشەکی فڕۆکەیەکی ئەپاچی لەشکر تێـکشکێنراوە.

لە لایەکی دیکەوە کاربەدەسـتان دەڵێن ژمارەیەکی زۆری چەکدار گەمارۆی بنکەی سەرەکی پـۆلیسی شێخ زویدیان دابوو و بە خومپارە و ئاڕپـیجی لە بنکەکەیان داوە و پاشان کەوتبوونە شەڕە تەقە لەگەڵ دەیان پـۆلیسی ناو بنکەکە.

جێی ئاماژەیە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و پـێـکدادان بەردەوامن.

XS
SM
MD
LG