لەشکری میسر ڕایگەیاند لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا لە نیمچە دورگەی سینا 15 چەکداری توندڕەو کوژراون و3 ئەفسەر و 7 سەربازی بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو بە ئۆتۆمبیلەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.
لەشکر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی هێزێکی لەشکری هێرشی کردووەتە سەر مۆڵگەیەکی زۆر مەترسیداری تێرۆرستی لە ناوەڕاستی سینا و لە ئاکامدا 15 چەکداری توندڕەو کوژراون و 7 چەکداری دیکە دەستگیرکراون.
هەروەها 2 عەمباری تەقەمەنیـیان تەقاندووەتەوە کە نزیکەی نیو تۆن ماددەی TNT و 55 دەبەی مادەی نتراتی ئەلەمنیۆمیان کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهێنرێن تیاندا بووە، لەگەڵ ئەمەش چەند ئامێرێکیان تێکشکاندووە کە توندڕەوەکان بۆ چاودێریکردن بەکاریان دەهێنان.
بەیاننامەکە جەختی لەوەش کرد هێزەکانیان دەسـتیانگرتووە بەسەر سەدان کۆمپیوتەر و تەلەفۆنی مۆبایلی گروپەکە.
لەشکر لەگەڵ بەیاننامەکە چەند وێنەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە یەکێـکیاندا 7 کەس نیشان دەدرێن کە دەستگیرکراون و چاویان بەستراوەتەوە.
هەرچەندە لەشکر پلەی ئەفسەرە کوژراوەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام سەرچاوە ئاسایشیـیەکان دەڵێن عەقید و موقەدەم و ڕائید بوون.