Accessibility links

بەریتانیا: ئەگەرێـکی زۆر هەیە بە کارێـکی تێرۆرستی فڕۆکە ڕووسیـیەکە لە میسر کەوتبێت

  • VOA News

بەریتانیا دەڵێت ئەگەرێـکی زۆر هەیە گروپـێـکی سەر بە داعش لە میسر لە پشت خستنی ئەو فڕۆکە ڕووسیـیە بێت کە ڕۆژی شەممە لە ناوچەی سینای میسر کەوتە خوارێ و بووە مایەی گیان لەدەسـتدانی 224 کەس.

دەیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیری بەریتانیا ئەمڕۆ پـێـنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتیشی هێشـتا لێکۆڵینەوەکان لە میسر بەردەوامن و چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەن.

پاشان گوتی بەریتانیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیـیەکانی بۆ میسر لەسەر بنچینەی ڕاپـۆرتی دەزگا زانیاری و هەواڵگریـیەکانی داوە کە مەترسیـیان هەیە لەوەی ڕووداوەکە لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێـکی تێرۆرسـتان بووبێت.

کامیرۆن هەروەها گوتی ئەو هاوسۆزە لەگەڵ میسریـیەکان کە ئەم هەنگاوەی حکومەتەکەی کاریگەری بەسەر کەرتی گەشـتیاری میسر دەبێت، بەڵام بەر لە هەموو شتێـک دەبێت سەلامەتی هاوڵاتیانی بەریتانی مسۆگەر بکات."

کاربەدەسـتانی میسر و ڕووسیا دەڵێن هێشـتا هیچ بەڵگەیەکیان بەر دەست نەکەوتووە بیسەلمێنێت کە فڕۆکەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێـک کەوتووەتە خوارێ.

لە لایەکی دیکە هێڵی ئاسمانی شانشینی بەریتانیا دەڵێت سبەی هەینی 5 فڕۆکەی لە شەرم ئەلشێخی میسرەوە گەشتیاران دەگێڕنەوە، لەوانە 3 فڕۆکەیان لە خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەدا نین.

کۆمپانیای ئیزی جەتیش ڕایگەیاند 10 گەشتی ئاسمانی بۆ هەمان مەبەست ئەنجام دەدات.

XS
SM
MD
LG