Accessibility links

پـزیشکی دادوەری میسر پـێشبینی دەکات تەقینەوەیەک هۆکاری کەوتنی فڕۆکە میسریـیەکە بووبێت

  • VOA News

کاربەدەسـتێـک لە پـزیشکی دادوەری میسر دەڵێت بەپـێی ئەو پارچە جەستانەی مرۆڤ کە لە پاشماوەی فڕۆکە میسرەکە هەڵگیراونەتەوە، ئەوەی ڕۆژی پـێنجشەممە کەوتە دەریای ناوەڕاستەوە، پـێدەچێت تەقینەوەیەک هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بووبێت.

کاربەدەسـتەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە خۆی لە توێکاری قاهیرە پارچەکانی پشکنیوە کە هەتا ئێستا 80 پارچەن و هیچیان بەشێـکی ساغی مرۆڤ نەبوون، وەکو قۆڵێـک یان سەرێـک. گوتیشی یەک لە پارچەکان لەتە سەرێـک بووە.

پاشان کاربەدەسـتەکە گوتویەتی بەپـێی ئەم پارچانە بێت، پـێدەچێت تەقینەوەیەک لە نێو فڕۆکەکەدا ڕوویدابێت، بەڵام نەتوانێت مەزەندە بکات چ هۆکارێـک لە پشت تەقینەوەکە بووە.

هەر ئەمڕۆش ڕۆژنامەی وەتنی میسری لە زاری کاربەدەسـتێـکی پـزیشکێـکی دادوەری بڵاویکردەوە کە گوتویەتی فڕۆکەکە لە ئاسماندا تەقیوەتەوە، بەڵام هەتا ئێسـتا نازانرێت ئایا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێـک بووە یان شتێـکی دیکە. گوتوشیەتی گەورەترین پارچەی جەستەی مرۆڤ کە هەتا ئێستا هەڵگیراوەتەوە لە قەبارەی دەستێـک گەورەتر نەبووە.

پـێشتر دەسەڵاتدارانی میسر ڕایانگەیاندووە کە لەو بڕوایەدان زیاتر کارێـکی تێرۆرستی هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بێت لەوەی کێشەیەکی تەکنیکی لە فڕۆکەکەدا دروسـتبووبێت. وەزیری بەرگری یۆنانیش لەسەر بنچینەی قسەی هەندێـک لە شارەزایانی فڕۆکە و فڕۆکەوانی، پـێـیوایە بۆمبێـک لە نێو فڕۆکەکەدا تەقیبێتەوە یان شەڕ لە نێو کابینەی فڕۆکەوانەکان ڕوویدابێت.

لە ئێسـتادا کەشتی و فڕۆکەی میسری، یۆنانی، فەڕەنسی، قوبرسی، ئەمەریکایی، بەریتانی پـێکەوە کاردەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەکانی فڕۆکەکە و هەروەها گەڕان بە دوای هەردوو سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کەوتنی ئەم فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی میسر 66 کەس گیانیان لەدەسـتدا، ( 30 میسری، 15 فەڕەنسی، 2 عێراقی، 1 کەنەدی، 1 بەریتانی، 1 بەلجیکی، 1 کوەیتی، 1 سعودی، 1 سودانی، 1 چادی، 1 پرتوگالی، 1 جەزائیری) هەروەها 7 تاقمی فڕۆکەکە و 3 ئەندامی ئاسایش.

فڕۆکەکە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنساوە بەرەو قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێکەوتبوو.

XS
SM
MD
LG