Accessibility links

هێزەکانی ئاسایشی میسر شکست بە هەوڵێـکی تێرۆرسـتی دەهێنن و 2 چەکدار دەکوژن


کاربەدەسـتانی میسر دەڵێن 3 چەکدار هەوڵێان دابوو هێرشێـکی تێرۆرستی بکەنە سەر شوێنێـکی گەشتیاری لە باشوری وڵاتەکەیان، بەڵام هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاکامدا دووانیان کوشتوون و ئەوی دیکەیان بە برینداری دەسـتگیرکردووە.

هەرسێ چەکدارەکە ڕۆژی چوارشەممە هەوڵیان دابوو بە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو خۆیان بکەن بە شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانی گەشتیاران لە شوێنەواری مێژوویی پەرسـتگای کەرنەک لە لوقسور، بەڵام هێزەکانی ئاسایش لە دەروازەکەدا ڕێگەیان پـێنەدابوون، بۆیە دوو لە چەکدارەکان لە ئۆتۆمبیلەکە هاتوونەتە خوارێ و کەوتوونەتە شەڕە تەقە لەگەڵ پـۆلیسەکاندا و لە ئاکامدا یەکێـکیان کوژراوە و ئەوی دیکەیان بە سەختی برینداربووە. چەکداری سێـیەمیان بە ئۆتۆمبیلەکە بەربەستەکانی بڕی و تەقاندیـیەوە.

بەپـێی وەزارەتی ناوخۆی میسر هیچ گەشتیارێـک زیانی پـێنەگەیشتووە و تەنها 5 کەس برینداربوون، لەوانە ئەفسەرێـکی پـۆلیس و کارمەندێـکی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکان و خاوەنی فرۆشگایەک.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە کە وەکو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی میسر دەڵێن بە نیازبوون پاسێـکی پـڕ لە گەشتیارانی بیانی بکەنە ئامانجی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەیان.

XS
SM
MD
LG