Accessibility links

لەشکری میسر دەڵێت بە هێرشی ئاسمانی لە سینا 19 توندڕەو کوژراون


لەشکری میسر ڕایگەیاند بە هێرشی ئاسمانی وڵاتەکەی لە باکوری نیمچە دورگەی سینا 19 توندڕەو کوژراون، لەوانە سیانیان ڕێبەری لقی سینای داعش بوون.

گوتەبێژی لەشکری میسر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی" هێزی ئاسمانی ژمارەیەک مۆڵگەی تایبەت بە تێرۆرستە تەکفیریـیەکانی لە باکوری سینا کردە ئامانج و لە ئاکامدا 19 توندڕەوی تەکفیری کوژراون کە ژمارەیەکیان زۆر مەترسیداربوون و 4 ئۆتۆمبیلی گروپەکە تێـکشکێنراون."

گوتیشی ڕێبەرێـکی ڕێکخراوی ناسراو بە ئەنسار بەیت ئەلمەقدس و سەرۆکی لیژنەی شەرعی و بەرپـرسی لێکۆڵینەوەی گروپەکە لە نێو کوژراوەکاندان. بەڵام ناویانی ئاشکرا نەکرد.

جێی ئاماژەیە لەشکری میسر لە بەیانـنامەکانیدا هیچ ئاماژەیەک بۆ داعش ناکات و گروپەکە هەر بە ناوی جارانی ناودێردەکات، هەرچەندە لە ساڵی 2014 وە ئەو گروپە بەیعەتی داعشی کردووە و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ ویلایەتی سینای داعش.

گوتەبێژی لەشکری میسر لەسەر فەیسبوکی فەرمی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ڤیدیۆی ئەو مۆڵگانەی گروپەکەیە کە بۆردومانکراون.

XS
SM
MD
LG