Accessibility links

بڕیاری ئازادکردنی حوسنی موبارەک سەرۆکی پـێشووی میسر دەدرێت


پارێزەری حوسنی موبارەک سەرۆکی پـێشووی میسر دەڵێت داواکاری گشتی قایل بووە حوسنی موبارەک ئازادبکرێت، ئەمەش پاش نزیکەی دوو هەفتە لەوەی بێ تاوان دانرا لە کوشتنی خۆپـیشاندەران لە ساڵی 2011 .

فەرید ئەلدیب ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی سێشەممە یان چوارشەممە حوسنی موبارەک دەتوانێت بچێتەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام بۆی نیـیە وڵات جێبهێڵێت چونکە هێشتا ئەو کەیسەی یەکلا نەبووەتەوە کە تیایدا تاوانبارکراوە بەوەی بە ناشەرعی سەروەت و سامانی کۆکردووەتەوە.

پارێزەرەکە نەیگوت ئایا موبارەک بۆ ماڵەی لە ناوچەی میسر ئەلجەدیدە دەگەڕێتەوە یان بۆ کۆشکەکەی لە شەرم ئەلشێخ، ئەو شوێنەی زۆر کات لە کاتی سەرۆکایەتیـیەکەی لێی دەمایەوە.

جێی ئاماژەیە لە 2 ی مانگی سێ دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری دا حوسنی موبارەک دەستی نەبووە لە کوشتنی خۆپـیشاندەران لە میانەی ڕاپەڕینی خەڵکی میسر کە لە 25 ی مانگی یەکی ساڵی 2011دەستیپـێکرد. ئەم بڕیارەی دادگا کۆتایی‌یە.

XS
SM
MD
LG