Accessibility links

دادگاییکردنی وه‌زیری پـێشـووی ناوخۆی میسر دواده‌خرێت

  • Al Pessin

وه‌زیری پـێشووی ناوخۆی میسر حه‌بیب ئه‌لعه‌دلی له‌ ده‌می دادگایی‌کردنی له‌ قاهیره‌، دووشه‌ممه‌ 25 ی حه‌وتی 2011

وه‌زیری پـێشووی ناوخۆی میسر حه‌بیب ئه‌لعه‌دلی له‌ ده‌می دادگایی‌کردنی له‌ قاهیره‌، دووشه‌ممه‌ 25 ی حه‌وتی 2011

دادگایه‌کی میسر دادگایی‌کردنی وه‌زیری پـێشـووی ناوخۆی وڵاته‌که‌ی دواخست و بڕیاری داوه‌‌ پـێـکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی پـێشـوو حوسنی موباره‌ک دادگایی‌بکرێت. پـێده‌چێت ئه‌م بڕیاره‌ بـبێته‌ مایه‌ی خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی زیاتر له‌ مه‌یدانی ته‌حریری قاهیره‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئال په‌یسن له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسره‌وه‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌ و هاوکارمان به‌ڵێن سـاڵح به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

دادوه‌رێـک بڕیاره‌که‌ی ده‌خوێنده‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ له‌ ته‌له‌فیزیۆنی میسره‌وه‌ په‌خش ده‌کرا و هه‌ندێـک له‌ ئاماده‌بووانی ناو هۆڵی دادگاکه‌ ده‌سـتیان کرد به‌ هاوارکردن وه‌ک ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر دواخسـتن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا.

ئه‌لعه‌دلی وه‌زیری پـێشـوو هه‌تا ئێسـتا به‌ گه‌نده‌ڵی گوناهبارکراوه‌ و 12 سـاڵ زیندانکردنی دراوه‌ به‌سه‌ردا، وه‌ هاوکاتی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هۆڵی دادگای جێهێشت له‌گه‌ڵ کاروانێـکی پـۆلیسـدا خۆپـیشـانده‌ران که‌وتنه‌ به‌ردبارانکردنی کاروانه‌که‌.

وه‌زیری پـێشـووی ناوخۆی میسر و حوسنی موباره‌ک سه‌رۆکی پـێشـووی میسریش به‌ کوشتن گوناهبارکراون. وه‌ک ده‌گوترێت فه‌رمانیان به‌ هێزه‌کانی پـۆلیس داوه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپـیشـانده‌ران بکه‌ن له‌ ماوه‌ی سه‌رهه‌ڵـدانه‌ هه‌ژده‌ ڕۆژیـیه‌که‌ی مانگی یه‌ک و دووی ڕابردوودا که‌ سه‌دان که‌سی تیادا کوژران.

تاڕیق ئه‌لخولی ده‌مڕاستی یه‌کێـک له‌ ڕێـکخراوه‌ پـێشـه‌نگه‌کانی چالاکوانانی سیڤیلیـیه‌ له‌ میسر، بزوتنه‌وه‌ی 6 ی چوار دادگای وه‌ها ناودێرکرد که‌ ڕێـک له‌ دادگاکانی ڕژێمی پـێشـووی وڵاته‌که‌ ده‌چێت.

ده‌ڵێت" دیانه‌وێت هۆکاره‌کانی دواخستنه‌که‌ بزانن، چونکه‌ ئه‌م دادگایی‌کردنانه‌ بۆ گه‌لی میسر وه‌ک مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسـسازه‌ و تایبه‌تیشه‌ به‌ گه‌لی میسر و په‌یوه‌ندداریشه‌ به‌ به‌رده‌وامی شۆڕش و سه‌رکه‌وتن شۆڕشیشه‌وه‌.

هه‌ندێـک له‌ ئاماده‌بووان له‌ هۆڵی دادگادا گازنده‌یان بوو له‌وه‌ی کاربه‌ده‌سـته‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانی پـێشـوویان نه‌بینیوه‌ هه‌تا ئێسـتا، واته‌ له‌وه‌تای ده‌سـتگیرکراون.

حوسنی موباره‌ک سه‌رۆکی پـێشـووی میسر له‌ ناو ماڵه‌که‌ی خۆیدا له‌ شه‌رم ئه‌لشێخ ده‌سـتبه‌سه‌ره‌ و له‌وه‌تای مانگی چواری ڕابردووشه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشـخانه‌یه‌ و ئێسـتاش ئاماژه‌ هه‌ن هه‌ر له‌وێ بـبرێت به‌رده‌م دادگا نه‌ک له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت.

XS
SM
MD
LG