Accessibility links

کۆمیتەیەکی لێـکۆڵینەوەی میسر: هیچ بەڵگەیەک نیـیە بۆ هەبوونی کاری تێرۆرستی لە پشت کەوتنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە


سەرۆکی کۆمیتەیەکی میسر بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنی فڕۆکە ڕووسیـیەکەی لە کۆتایی مانگی دە لە نیمچە دورگەی سینا تێـکشکا، دەڵێت هەتا ئێسـتا هیچ بەڵگەیەکیان بەردەست نەکەوتووە بیسەلمێنێت کارێـکی تێرۆرستی هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بووبێت.

فڕۆکەوان ئەیمەن موقەدەم ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا گوتیشی بە درێژایی 16 کیلۆمەتر پـشـکنینیان لە شوێنی کەوتنی فڕۆکەکە کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارچەکانی پەیوەست بە فڕۆکەکە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شارەزایان لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی قاهیرە یارمەتیـیان داون لە وێنەگرتنی پاشماوەی فڕۆکەکە بە شێوەی سێ ڕەهەندی 3D تاوەکو لە لێکۆڵینەوەکانیان کارئاسانیان بۆ بکات. هەروەها تیمێـکی تایبەتیش لە ناوەندێـکی توێژینەوەی زانستی، ئەوانیش سەردانی شوێنی کەوتنی فڕۆکەکیان کردووە.

لە بەشێـکی ڕاپـۆرتەکەیدا، ئەیمەن موقەدەم نووسیویەتی 40 کۆمپـیوتەری تایبەت بە فڕۆکەکەیان هەڵگرتووەتەوە، لەوانە دووانیان هی هەردوو بزوێنەرەکەی بوون.

باسی لەوەش کرد لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی هەردوو فڕۆکەوانەکەش کراوە چ لە ڕووی ژیانیان یان باری تەندروسـتیانەوە. سەبارەت بە فڕۆکەش گوتی وا لێکۆڵینەوە لە مێژووی کاری فڕۆکەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن بزانن کوێی پارچەکانی لە ڕابردوودا خراپبووە و گۆڕاوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 31 ی مانگی دە ئەم فڕۆکە ڕووسیـیە کە لە جۆری ئێرباسی 321 بوو و لە شەرم ئەلشێخی میسرەوە بۆ ڕووسیا دەگەڕایەوە بە 224 کەسەوە لە سینا کەوتە خوارێ و کەسی بە ساغی لێ دەرنەچوو، لەوانە 17 یان منداڵبوون.

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە کەوتنی فڕۆکەکە ڕاگەیاند و کاربەدەسـتانی ڕووسیاش پشـتڕاتیان کردەوە لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێـک کەوتووەتە خوارێ.

XS
SM
MD
LG