گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت تورکیا تۆپبارانی گوندە سنووریـیەکانی کانتۆنی عەفرین دەکات و لە ئاکامدا 10 کەسی سیڤیل برینداربوون.
ڕێدور خەلیل ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی لە 8 ی بەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەی تورکیا دەستیکردووە بە تۆپبارانکردنی گوندەکانی سەرسنوور لە ناوچەی عەفرین و هەتا ئێستا بەردەوامە.
گوتیشی هێزەکانی یەپەگە هەر کاردانەوەیەکیان هەبێت ئەوا لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە لەشکری تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند لە کاژمێر 8:45 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی "پەیەدە" بە چەکی قەناس تەقە لە سەربازێک کراوە و کوژراوە.
گوتیشی سەربازەکە لە نزیک خاڵی لەشکری ڕەیحانلی بوکولماز بووە کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا و سوریا لە پارێزگای هەتای لە باشوری وڵاتەکە.
بەیاننامەکە باسی لەوەش کرد هێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان کاردانەوەیان هەبووە.