Accessibility links

ئەردۆغان: ئاگربەستی سوریا نابێت یەپەگە و پەیەدە بگرێتەوە


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەو ئاگربەستەی لە لایەن ئەمەریکا و ڕووسیا بە پشـتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پـلانی بۆ دانراوە لە سوریا جێبەجێ بکرێت، نابێت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بگرێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێـکی بۆ کۆمەڵێـک کاربەدەسـت لە ئەنکەرەی پایتەخت ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی " ئەگەر داعش و بەرەی نوسرە لەبەر ئەوەی تێرۆرستن لە دەرەوەی ئاگربەستەکە دابنرێن، ئەوا دەبێت یەپەگە و پەیەدەش بە هەمان شێوە چونکە ئەوانیش گروپی تێرۆرستین."

گوتیشی "ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە دەڵێن پـشتیوانی یەپەگە دەکرێت، چونکە شەڕی داعش دەکات."

ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و گوتی ئەو تێڕوانیـنەی واشنتن بۆ پەیەدەی هەیە ئەنجامی باشی لێ ناکەوێتەوە.

پاشان بە زمانێـکی ڕەخنەئامێز گوتی " ئەگەر شەڕکردنی داعش تەنیا پـێوانەیەک بێت، ئەوا دەبێت ڕۆژئاوا هاوکاری بەرەی نوسرەش بکات کە زۆر جار زیاتریش شەڕی توندڕەوانی داعش دەکات."

ئەردۆغان جارێکی تر داوای کردەوە پەیەدە و یەپەگە وەکو ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی لە لایەن هاوپەیمانانی تورکیاوە ناودێربکرێن.

دووبارە ڕەخنەی گرتەوە و پرسیاری کرد و گوتی " دیارە بۆ ئەوەی بە تێرۆرستیان دابنێن، پـێویستە پەکەکە و پەیەدە بۆمبەکانیان نەک لە ئەنکەرە بتەقێـنـنەوە، بەڵکو لە پایتەختی وڵاتانی بیانیدا؟"

XS
SM
MD
LG