Accessibility links

هۆڵەندیـیەکان نوێنەری نوێی خۆیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن


خەڵکی هۆڵەندا ئەمڕۆ چوارشەممە بەرەو بنکەکانی دەنگدان دەچن تاوەکو نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵببژێرن و لە ئێستادا سەنگی خراوەتە سەر پـێشبڕکێی نێوان پارتی خەڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی VVD ی مارک روتێی سەرۆک وەزیر و پارتی بۆ ئازادی PVV ی پەرلەمانتار خێرت ڤیلدەرزی دژ بە کۆچبەر و ئیسلام.

ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکانی بەر لە دەنگدانەکە نیشانی دەدەن پارتی سەرۆک وەزیر بە جیاوازیـیەکی کەم لە پێش پارتی خێرت ڤیلدەرزە.

17 پارت نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی هۆڵەندا هەیە، بۆیە بێ لەوەی کام پارتە زۆربەی کورسیـیەکان دەباتەوە، پـێویستە هاوبەندیـیەک پـێکبهێنرێت بۆ پـێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. ڕەنگە بۆ چەند مانگێـک دانوستاندنەکان بۆ ئەم مەبەستە درێژە بکێشێت. هەروەها گەورترین پارت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لەگەڵ ڤیلدەرز کار ناکات.

ڤیلدەرز لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە هۆڵەندیـیەکان دا ئەگەربێت و لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا هاتنی کۆچبەری ئیسلامی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات و مزگەوتەکان دادەخات و فرۆشتنی قورئان لە وڵاتەکەی قەدەغەدەکات و هەورەها خواستی هەیە هۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا بکشێتەوە.

بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی کۆچبەر و پەنابەر لەم ساڵانەی دوایی لە ئەوروپا، هەستی دژ بە کۆچبەران بە گشتی لە وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە، ئەمەش لە لایەن پارتە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان قۆزراوەتەوە تاوەکو دەنگی خەڵکی ناڕازی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان ڕابکێشن.

جێی ئاماژەیە لە پاش هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا، فەڕەنساش لە مانگی چوار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدات و پاشان ئەڵمانیا لە مانگی نۆ هەڵبژارنەکانی پەرلەمانی سازدەکات.

XS
SM
MD
LG