Accessibility links

ڕاپـرسیـیەک: لە هەموو پـێنج کۆماریـیەک یەکێـکیان خوازیارە دۆناڵد ترەمپ بکشێتەوە

  • VOA News

بەپـێی ڕاوەرگرتنێـکی گشتی لە ئەمەریکا نزیکەی یەکێـک لە نێو پـێنج کەسی کۆماری خوازیارن دۆناڵد ترەمپ کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ لە پـێشـبڕکێـکە بکشێتەوە و کۆماریـیەکی دیکە شوێنی بگرێتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ئیپـۆس ڕاپـرسیـیەکەیان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی نزیکەی 19% پـێـیان وایە کە پـێویستە دۆناڵد ترەمپ وازبهێنێت، بەڵام 70% دەڵێن دەبێت بەردەوام بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان. 10% گوتویانە نازانن.

ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکە لە نێوان 5 بۆ 8 ی مانگی هەشت ئەنجامدرابوو و 396 کەسی کۆماری تیایدا بەشداریان کردبوو.

لە ڕاوەرگرتنێـکی گشتی دیکەدا کە بۆ لایەنگرانی هەموو پارتەکان سازکرابوو و 1162 کەس تیایدا بەشداریـیان کرد، 44% ی بەشداربووان لەگەڵ کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ بوون.

جێی ئاماژەیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر 50 کەسایەتی کۆماری کە پـێشتر بەرپـرسی گەورە بوون لە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، نامەیەکیان واژوکرد کە تیایدا نووسراوە دۆناڵد ترەمپ کەسێـکی بێ ئەزمونە و لەو ئاستەدا نیـیە بـبێتە سەرۆک و ئاگاهیان دا ئەگەربێت و ببێتە سەرۆک ئەوا دەبێتە مەترسیدارترین سەرۆک لە مێژووی ئەمەریکادا، بۆیە هیچ کامیان دەنگی پـێ نادەن.

XS
SM
MD
LG