Accessibility links

ترەمپ لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا نزیک دەبێتەوە


دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر سەرکەوتنێـکی گەورەی بۆ خۆی تۆمارکرد لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکەی کۆماریـیەکان لە ویلایەتی ئیندیانا و بەمەش وەهای لە سیناتۆر تێد کروزی ڕکابەری سەرەکی کرد لە پـێشـبڕکێی کۆماریـیەکان بۆ سەرۆکایەتی سـاڵی 2016 ی ئەمەریکا بکشێتەوە.

لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان، ترەمپ لە بەردەم لایەنگرانی لە نیویۆرک گوتی دڵنیابوو لەوەی لەو ویلایەتە سەرکەوتن بەدەسـت دەهێنێت هەرچەند هەڵمەتێـکی پـرۆپاگەندەی خراپ لە دژی هەبوون. گوتیشی خۆشحاڵە کە دەنگدەران ئەو پـرۆپاگەندانەیان پـشتگوێ خست. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دانی بەوەدا نا کە تێد کروز ڕکابەرێـکی سەرسەختی بوو.

پاشان ترەمپ بۆنەکەی قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێلەری کلنتنی کە پـێشـبینی دەکرێت ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان. گوتی" خانم کلنتن وەکو سەرۆکی وڵات شکست دەهێنێت و ئەزمونێـکی ئەوتۆی نیـیە تاوەکو ڕێکەوتنی بازرگانی مۆربکات."

تێد کروزیش لای خۆیەوە وتارێـکی پـێشـکەش کرد و تیایدا بە لایەنگرانی گوت ئەو بەڵێنی پـێدابوون هەتا ئەو کاتەی شیانی سەرکەوتن هەبێت لە پـێشبڕکێی سەرۆکایەتی بەردەوامبێت. گوتیشی هەرچی لە توانایاندا هەبووە کردوویانە تاوەکو بە سەرکەوتن بگەن، بەڵام وەها پـێدەچێت دەنگدەران ڕێبازێـکی دیکەیان هەڵبژاردبێت، بۆیە هەڵمەتی سەرۆکایەتی خۆی ڕادەگرێت. سوپاسی هەموو لایەنگرانیشی کرد کە بە درێژایی هەڵمەتەکەی کاریان لەگەڵدا کردبوو. هەروەها سوپاسی خێزانەکەشی کرد.

پاشان گوتی بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە ئازادی و دەستور و بەها کرستیانەکانی ئەمەریکایان لەسەر بنیادنراوە.

جێی ئاماژەیە، دۆناڵد ترەمپ 53% ی دەنگەکانی لە ویلایەتی ئیندیانا بردەوە و بەوەش پـشـتیوانی 51 شاندی بەدەسـتهێنا. سیناتۆر تێد کروز کە 36.6% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون، بەڵام پشـتیوانی هیچ شاندێـکی بۆ نەبوو. هەروەها جۆن کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ 7.6%ی دەنگەکانی بردەوە و ئەویش هیچ شاندێـکی بەدەسـت نەهێنا.

XS
SM
MD
LG