Accessibility links

ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە لە كوتلەى شیعى و سونى هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێناوە بۆ بەڕێوەبردنى حكومەتى محەلى پارێزگاكە و دەیانەوێت پشتگیرى لیستى كوردیش بەدەست بهێنن.

هۆشیار ئیسماعیل ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ژمارەیەک ئەندامى كوتلەى هاوپەیمانێتى نیشتیمانى شیعى و كوتلەى عێراقیەى سونى لە رێگەى هاوپەیمانێتیەكەوە دەیانەوێت رێگرى بكەن لە لابردنى پارێزگار و بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت پشتگیرى لیستى كوردیش بەدەست بهێنن."

ئەندامەكەى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، ئاماژەى بەوەشكرد لەبەرانبەریش بەشێكى تر لە ئەندامانى هەردوو كوتلەكە دەیانەوێت پارێزگار لاببەن ، كە لەماوەى ئەم خولەدا 3 جار پارێزگار گۆردراوە ، كە دووجارى لاى سونەكان بووە و ئێستا پۆستەكە بەدەست شیعەوەیە.

ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە لە 29 كورسى پێكهاتووە ، كەشیعەكان خاوەنى 13 كورسى و سونەكانیش بەهەمانشێوە 13 كورسى و كورد خاوەنى 3 كورسیە ، كە كورسیەكانى كورد ململانێكە یەكلایى دەكاتەوە.

هۆشیار ئیسماعیل وتى"ئێمە بەمەرج پشتگیرى ئەو كوتلەیە دەكەین كەدەیانەوێت حكومەتى دیالە بەردەوام بێت."

سەبارەت بە داواكاریەكانى كورد ، هۆشیار ئیسماعیل وتى"ئێمە داواى دامەزراندنمان كرد بۆ دانیشتوانى خانەقین و پێدانى پۆستى تر لەنێو ئەنجومەنى پارێزگا، لەگەڵ پاراستنى ئاسایشى رێگەى بەغدا كە لەو رێگەیە كورد دەرفێنرێت."

لەماوەى دوو خولى رابردووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالەدا پۆستى سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگا لاى كورد بووە ، بەڵام ئەمجارە پۆستى پارێزگار بەر شیعە و سەرۆكى ئەنجومەن بۆ سونە و جێگرى یەكەمى پارێزگار دراوەتە كورد.

XS
SM
MD
LG