Accessibility links

دانمارک بە نیازە بە فڕۆکەی جەنگی و 400 سەربازەوە بەشداری شەڕی داعش لە سوریا بکات


ئۆفیسی سەرۆک وەزیری دانمارک دەڵێت بەم زووانە پـرۆژە بڕیارێـک لە لایەن حکومەتەوە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە شەڕی دژی داعش.

ئۆفیسی لارس لوکـکە ڕاسمۆسن ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ئەگەربێت و پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر پـرۆژە بڕیارەکە بدات، ئەوا لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە فڕۆکەی جەنگی F-16 و فڕۆکەی بارهەڵگری لەشکری جۆری C130 و 400 سەرباز، لەوانە هێزی تایبەت و تاقمی پـشـتیوانی ڕەوانە دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی دژی داعش لە سوریا. دانمارک لە ئێسـتادا هێزی هەیە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە عێراقدا دەکەن.

چاوەڕوان‌دەکرێت پەرلەمانی دانمارک لە خوێندنەوەی یەکەمی پـرۆژە بڕیارەکە لە 1 ی مانگی چوار و لە خوێندنەوەی دووەم لە 19 ی هەمان مانگدا دەنگی لەسەر بدات. پارتە سەرەکیـیەکان پاڵپشـتی خۆیان بۆ پـرۆژە بڕیارەکە دەربڕیوە لە کۆمیتەیەکی پـێکهاتوو لە حزبەکاندا کە هەریەک لە وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە تیایدا بەشداریـیان کردبوو.

کریستیان یەنسن وەزیری دەرەوەی دانمارک پاش کۆبوونەوەی کۆمیتەکە بە پەیامنێرانی گوت پـێشنیاری فراوانکردنی ئەرکەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی دژی داعش تاوەکو سوریاش بگرێتەوە، دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ ئەو داوایەیان لە وڵاتەکەی کردبوو.

وەزیری بەرگری دانمارک ئەویش گوتی ئەگەر هاتوو پـرۆژە بڕیارەکە پەسەندکرا، ئەوا دانمارک دەبێت بە گەورەترین بەشدار لە شەڕی دژی داعش بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی. گوتیشی شەڕی دژی داعش درێژە دەکێشێت و تەنیا بە ڕێگەی لەشکری شکست بە بیروباوەڕی ئەم ڕێـکخراوە تێرۆرسـیـیە ناهێنرێت، بۆیە حکومەتی دانمارک هەوڵەکانی لە بواری سیڤیلیش زیاتردەکات و کار بۆ سەقامگیری ئەو ناوچانە دەکات کە لە داعش ڕزگاردەکرێن. هەروەها کاریش دەکات ڕاگرتنی چەکدارانی بیانی و سەرچاوەکانی کۆمەکی داعش دەکەن لەگەڵ ئەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی پـرۆپاگەندەکانی داعش دەبنەوە."

جێی ئاماژەیە لە سـاڵی 2014 دانمارک بە 7 فڕۆکەی جۆری F-16 بەشداری لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش لە عێراقدا کرد، بەڵام سـاڵی ڕابردوو ئەو فڕۆکانە برانەوە تاوەکو چەند پارچەیەکیان نوێبکرێنەوە. بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو جارێـکی دیکە بهێنرێنەوە بۆ بەشداریکردن لە هێرشە ئاسمانیـیەکاندا.

لە پاش هێرشەکانی سەر پاریس لە 13 ی مانگی یازدەی سـاڵی ڕابردوو، وەزیری دەرەوەی دانمارک داوایکرد وڵاتەکەی لە سوریاش بەشداری هێرشەکانی سەر داعش بکات.

XS
SM
MD
LG