Accessibility links

دانمارک فڕۆکەکانی لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا دەکێشێتەوە


حکومەتی دانمارک بڕیاری داوە مۆڵەتی بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگیـیەکانی لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا نوێ نەکاتەوە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگی دوازدەیە کۆتایی پـێدێت.

ئەندرێس سامۆئێل وەزیری دەرەوەی دانمارک ئەمڕۆ هەینی لە پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گوتی " وەکو پـلانمان بۆ دانابوو فڕۆکەکانمان دەکێشینەوە. ئێمە یارمەتی زیاترمان پـێشکەش بە هاوپەیمانان کردووە لە بیناسازی و ئەندازیاری لەشکری."

گوتیشی "مەسەلەکەیان هەڵسەنگاندووە لە ڕووی ئابوری و کرداری و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هیچ مانایەکی نیـیە، بۆیە لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانەکەین. "

بەڵام لە بری ئەمە دانمارک لە سوریا و عێراق بەشداری دەکات لە تیمەکانی مەشق و ڕاهێنان و هەڵسەنگاندنی زانیاریـیەکان و هەروەها زیاتر لە نزیکەوە لەگەڵ یەکەکانی لەشکری عێراق کاردەکات.

دانمارک کە ئەندامێـکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، بەشدارە لە هاوپەیمانێـتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش. مانگی شەش کە پەیوەندی بە هاوپەیمانێتیـیەکەوە کرد گوتی لە پاش شەش مانگی دیکە بە مەسەلەی بەشداریکردنەکەی دەچێتەوە.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دانمارک پاش ئەوە دێت کە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ بەشداریکردنی فڕۆکەی جەنگی دانمارک کرد لە هێرشێـکی ئاسمانی لە 17 ی مانگی نۆ کە بەهەڵە بووە مایەی کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریا لە بری چەکدارانی داعش.

وەزیری دەرەوەی دانمارک لە لێدوانەکەی ئەمڕۆی باسی لەم ڕووداوە نەکرد.

XS
SM
MD
LG