Accessibility links

دیموکراتەکان بە فەرمی هێلەری کلنتن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندید دەکەن


دیموکراتەکان بە فەرمی هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوەی وڵاتەکەیان کاندیدکرد بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان، ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکا پارتێـکی گەورە خانمێـک بۆ ئەم پـۆستە کاندید بکات.

شەوی سێشەممە لە کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکان لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا، پشـتیوانی لە هێلەری کلنتن تەمەن 68 سـاڵ کرا تاوەکو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆماریـیەکان بوەستێتەوە.

بە هاوشێوەی هەڵبژاردنە بەرایـیەکان، خانم کلنتن لە کۆنگرەکە پشـتیوانی لێکرا و توانی زیاتر لە 2382 دەنگی نوێنەرەکان بەدەسـتبهێنێت کە پێویستن بۆ ئەوەی بە فەرمی لە نێو دیموکراتەکان بۆ ئەو پـۆستە کاندیدبکرێت.

سیناتۆر بێرنی ساندەرس پشـتیوانی تەواوی خۆی بۆ هێلەری کلنتن ڕاگەیاند و بە لایەنگرانی خۆی گوت هەڵبژاردنەکان دێن و ئەڕۆن، بەڵام شۆڕشە سیاسیـیەکانی هەوڵی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەکەمان دەدەن کۆتایی‌یان پێ نایەت.

بڕیارە شەوی پـێنجشەممە لە کۆتایی کۆنگرەکە هێلەری کلنتن بە فەرمی کاندیدکردنەکەی قبوڵ بکات.

بێڵ کلنتن سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و هەروەها هاوسەری خانم کلنتن، شەوی سێشەممە لە کۆنگرەکە وتارێـکی پـێشکەشکرد و گوتی ئەگەربێت هێلەری کلنتن بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، ئەوا گۆڕانکاری دەکات و وەها دەکات ئەمەریکایـیەکان زیاتر بەهێزبن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە لای هێلەری کلنتن مافی ژنان مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤیش مافی ژنانە. لە بەشێـکی قسەکانی توانجی لە کۆماریـیەکان گرت و گوتی جیاوازی لە نێوان لێدوانی دیموکرات و کۆماریـیەکان ئەوەیە یەکێـکیان ڕاستەقینەن و ئەوی دیکەیان دروستکراون.

جێی ئاماژەیە هەرچەندە یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکا پارتێـکی گەورەی وەکو دیموکراتەکان خانمێـک بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکەن، بەڵام لە ساڵی 1872 پارتێـکی بچوک بە ناوی "پارتی مافە یەکسانەکان" ڤیکتۆریا کلافلین وودهۆڵ یان بۆ ئەم پـۆستە کاندیدکردبوو.

XS
SM
MD
LG