Accessibility links

تورکیا دەڵێت نابێت یەپەگە بەشداری وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بکات


سەرۆک وەزیر تورکیا دەڵێت نابێت "گروپە تێرۆرسـتیـیەکانی وەکو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)" بەشداری وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بکەن، ئەوانەی بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە ژنێڤ سـازبکرێن.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو ڕۆژی پـێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئابوری جیهانی لە داڤۆس گوتی دەبێت تەنها ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا، ئەوەی لە عەرەبسـتانی سعودیـیە ئامادەکاری بۆ کراوە، بەشداری لە وتووێژەکاندا بکات و هەروەها هەر ئەو ئۆپـۆزسیۆنە بۆی هەیە ئەندامانی شاندی ئۆپـۆزسیۆن دەسـتنیشان بکات. گوتیشی ئەگەر خەڵکی دیکە دەیانەوێت لەسەر مێزی دانوسـتاندنەکان بن با بچنە پاڵ شاندی حکومەت.

پاشان گوتی" هەندێک لایەن هەن، لەوانە ڕووسیا دەیانەوێت شاندی ئۆپـۆزسیۆن تێکبدەن لە ڕێگەی سەپاندنی کەسانی دیکە، وەکو یەپەگە کە هاوکاری ڕژێم دەکات و هێرش دەکاتە سەر ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو."

هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە لە لایەن تورکیا و عەرەیسـتانی سعودیـیە پـشـتوانی دەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند بەشداری وتووێژەکانی ئاشتی ناکات ئەگەربێت و لایەنی دیکە بەشداربن. هاوبەندیـیەکە دەیەوێت تەنها شاندی خۆی بەرامبەر شاندی حکومەت لەسەر مێزی دانوسـتاندنەکاندا بن.

بەڵام دیپـلۆماتێـکی ڕووسیا ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتی ئەگەر بێت و شاندی ئۆپـۆزسیۆن گۆڕانکاری تیادا نەکرێت یان بایکۆتی وتووێژەکان بکات، ئەوا پـشـتگیری لە شاندێـکی دیکە دەکەن دانوسـتاندن لەگەڵ حکومەتدا بکات. گوتیشی ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەن ئەو شاندەی لە ڕیاز پـێـکهێنراوە گەورەتر بکرێت بە شێوەیەک ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو لەخۆی بگرێت، ئەگەر نا با شاندێـکی دیکە بە جودا بەشداری بکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشـتی هەوڵەکانی ئاشتی دەکات، لای خۆیەوە ڕایگەیاند شیانی هەیە یەکەم دانیشتنی وتووێژەکان، ئەوەی بڕیارە لە 25 ئەم مانگە لە ژنێڤ سـازبکرێت بۆ چەند ڕۆژێـک دوابخرێت.

جێسی شاهین گوتەبێژی ستافان دی مستۆرا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا گوتی هۆکاری تەکنیکی هەن کە ڕەنگە ببنە مایەی دواخستنی وتووێژەکان. خانم جێسی هیچ وردەکاری زیاتری بۆ میدیاکان ڕانەگەیاند.

بەڵام جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێـکیدا هەر ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە وتووێژەکان لە کاتی خۆیاندا لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سـازدەکرێت.

XS
SM
MD
LG